خه‌وی ئه‌رخه‌وانیی خۆشخه‌یاڵێک.
ئه‌م زه‌مه‌نه
ئێواره‌یه‌کی هێمنی سیحراویه و
لێوان لێوه له یار و یاوه‌ری شه‌یدا
ئه‌وانه‌ی گێژه‌ڵۆکه‌ی ڕق
هه‌رگیز له سووچی دڵیانا په‌پکه ناخواو
هه‌ر به‌غه‌مزه‌ی چاوی خومار له‌یه‌ک ده‌گه‌ن
منیش له‌نێو گوڵستانێکی عیشقا
ده‌گوزه‌رێم
ئه‌وی هه‌ڵی ده‌مژم ته‌نیا
سروه‌بایه‌کی کوێستانی سرک نییه
له‌گه‌لاوێژی گه‌رمه‌سێرێکا
ئه‌وی هه‌ڵی ده‌مژم نه‌فخێکه
له‌روحی په‌ریه‌کانی به‌هه‌شت
ئه‌و به‌هه‌شته‌ی .. گورگ و به‌رخی
له‌سه‌ر یه‌ک ڕووباری هه‌نگوین
گه‌رووی مه‌رام ته‌ڕ ده‌که‌ن و
گڕی تینوێتی ده‌شکێنن
ئه‌و به‌هه‌شته‌ی
هه‌موو بستێکی بوستانی سه‌رمه‌دییه و
گوڵ و خاری ده‌ست له‌ملن
له‌هه‌ر کوێیه‌ک دڵت گرتی
ڕه‌شماڵی زیندهگییت هه‌ڵده‌و
بێ دڵه‌ڕاوکێ و بێ گومان
ناوی لێ بنێ .. نیشتیمان.
کۆنه‌په‌رست .
جه‌سته‌ی ڕزیوه ، ئه‌و لاکه
چی لێ بکه‌ی یان لێ نه‌که‌ی
چی بپۆشێ یان نه‌پۆشێ
له‌ئاوریشمی کرمی لوسی دیموکراسی و
له‌که‌تانی ده‌شتی بێپایانی خه‌ونی
جیهانی نوێ
جه‌سته‌ی ڕزیوه ، ئه‌و لاکه
هه‌ر ئه‌پروێ
له‌کاغه‌زی بریقه‌داریه‌وه بپێچی و
به‌قردێله ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی دیاری
بی به‌ستیه‌وه
یان له‌نێو سندوقی خشڵ و
زێڕی بنێی
کوپه‌یه‌کیش ، گران به‌هاترین عه‌تری
به‌ناوبانگی پێدا بڕژێ
جه‌سته‌ی ڕزیوه ، ئه‌و لاکه
هه‌ر ئه‌پروێ.
گله‌یی.
من روحی مه‌لوولم به‌روخت
عاشیقه قوربان
تۆ چنگی موژانت له‌به‌هێی
دڵم گیر ئه‌که‌ی
من فه‌رشی حه‌ریری ئولفه‌تم
خستۆته ژێر پێت
تۆ ده‌شتی به‌راوی روخسه‌تم
لێ داگیر ئه‌که‌ی
من به‌حری ئه‌مه‌کدارم
له‌هه‌ڵچوون و سکونا
تۆ دۆندی چیای قه‌هری
حه‌ز له‌زه‌مهه‌ریر ئه‌که‌ی
من جه‌معی گه‌ڵای عومرم
له‌پاییزتا هه‌ڵوه‌ری
تۆ عه‌ینی گه‌رده‌لوولی
ئه‌به‌یت و له‌بیر ئه‌که‌ی
من قومێ ئاوی ڕوونم
له‌په‌رداخی جه‌سته‌یا
تۆ غه‌رقی مه‌تاهاتی
چاوه‌ڕێی ته‌فسیر ئه‌که‌ی
من خه‌سته‌م وتۆ ئازار
من جه‌سته‌م و تۆ هه‌ر خار
به‌م زه‌برو جه‌فای نازه
توفلی دڵم پیر ئه‌که‌ی
ده‌ست به‌رده له‌ئه‌تواری
پڕ ئه‌سراری مه‌کری مێ
به‌م هه‌وری جه‌وره نوری
مانگه‌شه‌و یه‌خسیر ئه‌که‌ی.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )