ڕەنگ
١ـ دوێنێ، قژی شێعری ژنێک، پەرێشان و درێژ،
لە ئایینی مقەست و لە سەرپۆشی شەوستانی خۆی یاخی بوو.
هەر وەک وێنەی بەفرینی بووکێکی بێ بزە،
چوارچیوەی قاپەکەی خۆی و شووشەی شەرم و شەرعی شکاند،
باڵەکانی رەنگ کراوی خەیاڵی ژن دوێنێ،
بە ئاوازی فڕینەوە،
قفڵی شێعر و نەنگی سەرپۆشی لێک پساند...
بەرز فڕی و نزم هەڵنیشت!
کەچی ئەمڕۆ، لە ناو دەستی بێ هەستی حزبە پیاوێکدا
قژی هەڵپاچراوی شێعری کورتی ژن دەبینم،
شانەی دانکەوتووی ئایدۆلۆژی دایدەهێنێ و
خۆی و خولیا و خۆزگەکانی، ڕەنگ کراون!
هەتا ئێستاش،لە گەڵ شینی شێعری چاوما چاودەگێڕم
نە لە ناو قەفەسی تازەی ئەندێشە و
نە لە ژێر سەرپۆشی مودێڕنی ژنەوە
دەنگی باڵی وشە و رەنگی قژی شیعری خۆی نابینم!!
2ـ روخساری قەڵەمی سەرشێتی لاوێک،دوێنێ
وشەکانی زبر دەدوان، وەک سمێڵی ماکسیم گورکی،
شێعرەکانی چڕ و ئاڵۆز، وەک ریشەکەی مارکس !
ئێستاش دەبینم شێعرە شێتی هاتەرانی...
لە بیابانی چۆڵەوانی ئەندێشەیدا،
وشەی ماندووی ڕەنگ کردوە و
بۆ کاخێکی زۆر مودێڕنی ناو دەگەڕێ ...!
هەتا ئێستەش چی دەڕوانم
نە لەتەزووی پێی ئاویەر،
نە لە کسپەی زامی قەندیل
نە لە وشەی گەرووی گڕی گیتاریەوە
سۆزی رۆح و کسپەی شێعری خۆی نابینم!
3ـ بووکەڵەی خەیاڵی کچێکی سەرتاپا شێعرپۆش
چی دەبینم دەستی وشەی بۆ داوێنی ئاسمانە
قژی ئاڵۆزی ئەندێشەی، هەمیشە تەمپۆشی تۆزی حیجابە!
هەتا ئێستاش هەر نەمزانی
گوڵەکانی خولیای دڵی چ ڕەنگێک و
سازی نەهێنی ناو گەرووی، چ دەنگێکە!
ئەی هاوڕێیان!چەند حەز دەکەم...
سیمای شێعر و قژی وشە و تابلۆی بڕوای هەموو کەسێک،
تەنیا و تەنیا ڕەنگی خۆی بێ...!
ڕهحیم لوقمانی