هه‌ندێک له په‌نده‌کانی پێشینان که زۆربه‌یان په‌ندی کوردین پیره‌مێردی نه مر شاعیر کورد به شیعر دایڕشتوون
وتیان به ڕێوی شاهیدت كێیه؟
وتی كلـكی خۆم، باوه‌ڕم پێیه
حه‌زده‌كه‌ی دوور بی له گێره و كێشه
به‌قه‌د به‌ڕه‌ی خۆت پێ ڕابكێشه
به‌سمان به‌سه‌ردا لێده گیزو فیز
پێوه‌دان خۆشه نه‌وه‌ك ویزه‌ویز
له شار‌و لادێ ئه‌م نه‌قڵه باوه
گیای شین به جێگای سه‌خته‌وه ماوه
شه‌ڕنه‌كه‌ر پیشه‌ی زوو دانیشتنه
به‌ردی زل به‌ڵگه‌ی نه‌هاویشتنه
ئاو بتبا مه‌چۆ سه‌ر پردی نامه‌رد
چش با بخنكێی به سه‌د ئێش و ده‌رد
وتیان پشیلـه، گووت به ده‌رمانه
دایپۆشی به خۆڵ ئه‌و بێویژدانه
شوێن بۆ سه‌ر پیشه‌ی خۆی ده‌چێته‌وه
گیا له‌سه‌ر پنجی خۆی ده‌ڕوێته‌وه
قه‌ل ئه‌ڵێن لاسای كه‌وی كرده‌وه
ڕۆینه‌كه‌ی خۆیشی له‌بیر برده‌وه
مه‌شهوره بزن بۆ تاقه شه‌وێ
جێگای خۆش ده‌كا له كوێ وه‌ركه‌وێ
ناشكوری مه‌كه به‌م به‌شه كاكه
له قوڕ ئه‌وه‌نده تۆز هه‌ستێ چاكه
قه‌ت مه‌ڵێ بوومان، بێژه هه‌مانه
نان ئه‌و نانه‌یه ئه‌مڕۆ له خوانه
نانێ ڕۆژ په‌یدا بكه و نانێ شه‌و
هه‌ڵمه‌گره هه‌رگیز منه‌ت له‌م و له‌و
نه‌مدیوه له ئاش گه‌رمتر كاسه
مه‌گه‌ر له‌ژێریا هه‌بێ نیوكاسه
|