05-28-2012
|
|
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
ئه‌و رێیانه‌ی به‌ره‌و گه‌ڕه‌ک ده‌گه‌ڕانه‌وه...
ئه‌و رێیانه‌ی به‌ره‌و گه‌ڕه‌ک ده‌گه‌ڕانه‌وه...
خوناو سمایل
له‌و هه‌یوانه، له بریسکه‌ی چاوه زەقە بێخهوهکانی وی بترازێ، هیچی دیکە نادرەوشێتەوە. لە ناو تاریکایی ئەو درەنگەشهوە هەر دێ و دەچێ و ناحه‌جمێ... وه‌ک ورشه‌ورشی ئه‌و ره‌شه‌بایه‌ی وا به‌ر داروباری ره‌زه دووره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شارەکە ده‌که‌وێ و ئارام ناگرێ، ئەوها ئۆقرەی لێهه‌ستاوه.. خۆی به دار و دیواران هه‌ڵده‌په‌سێرێ و ئه‌وسه‌ر تا ئەوسەری حه‌وشه گه‌وره‌که ده‌کوتێته‌وه.
ئێ به‌و شه‌وه‌ش هاوار بۆ کێ ببا ؟! هه‌ر ئەوها باشتره.. ژانەکان قووتی هه‌ناوی خۆی داته‌وه و جارێ دەنگی هاواران هەر بە "مممم ... ئممم" لە گەرووی بزرکا. گه‌ر ئێستا له‌گه‌ڕه‌ک بووایه، له‌ناو خه‌ڵکه یه‌ک ماڵ و یه‌ک بەرو خوانه‌که‌ی جاری جاران، بهوتهنیاییە چاوه‌ڕوان ده‌بوو!؟ هاوارانی قووت ده‌داوه !؟...ئه‌و هه‌موو ناهه‌موارییه‌ی بەو دوایەی دووری گه‌ڕه‌ک.. تاکه ساتێکیش سه‌رودڵی به‌رناده‌ن.
چۆن دەکرێ هزری گه‌ڕه‌ک نه‌کا!
جاران، له شه‌وه دوورودرێژه‌کانی وه‌ک ئه‌وشۆی، ده‌رودراوسێیان تا سهرلهسبهینان وه‌ک که‌ژاوه له‌گه‌ڵی ده‌هه‌ژان. هێنده‌ی خۆی ژانیان ده‌کێشاو ده‌بوونه سێبه‌ری و به‌ده‌وره‌ی ده‌سووڕانه‌وه.
به‌و شه‌وه‌ی وا دێ و راده‌کشێ و تاریکییه‌که‌ی به دواوه‌یه... مه‌گه‌ر داڵغه‌ی گه‌ڕه‌ک جار جاره به چریکهژانی وه‌ک گه‌زه‌ی مار تووڕبدرێن، ده‌نا ئه‌وشۆ.. سۆزێکی یەگجار زۆری بۆ ناو گەرەک هەستاوە و مەگەرلەگەڵ ئازاری ژانان رایانماڵیتە خوارەوەی ...جار جارە نەترەی رۆیشتنیش بەردەداو ئارەقە هەموو جه‌سته‌ی دەکا بە ئاو و ژانەکانیش هەرەسی قورس دەخەنە بەرو موسڵدان و هەردوو کەلەکە و لاقەکانی.
که ئازاره‌کان ده‌پسێن و هێورتر ده‌بنه‌وه، تینەک وە بەر خۆی ده‌داته‌وه و دەڵێ "ده‌ی ده‌ی... شه‌وی له‌وه‌ش ناخۆشترمان دیتیە... قاتی ئه‌وەش سبەینەکی رۆناکی لە دووە...".
ئومێد ده‌خوازی که خوا کردبای و به‌ده‌م و دوعای زاری دۆستانی ده‌بێ و ئه‌و جاره‌یان " کوڕەکی" پێ بی.
ده‌ستی نه‌رم نه‌رم به‌سه‌ر زگه داته‌پیوه‌که‌ی ده‌خشاند و ده‌یزانی وا تهواوەک شۆڕی ناو لینگانی بوویته‌وه.
بایه‌که‌ی ئه‌و شاره بچووکه‌ی که ههرقەت بۆی نه‌بووه به سه‌بووریی و... سۆزی به دوای گه‌ڕه‌کی له یاد نهبردیتهوه، وا خه‌ریکه وه‌ک جۆلانه هه‌موو شتەک بهه‌ژێنێ... دار ودیوارو تەنەکە زبڵه‌کانی بەر دەرکی ماڵە دوورەکان و تەلە بێ کارابایەکانیش وا تێک ئالۆزاون و شەقەشەقیانە... که قاچه‌کانی رێی گه‌ڕانی لێ دەگرن... له‌لایه‌ک له‌سه‌ر چینچکانی وێک دێته‌وه‌و هه‌ناسه‌ی قووڵتر هه‌ڵده‌کێشێ ودەیەوێ هه‌ناوه گه‌رمه‌که‌ی خۆی بە هەناسەی فێنکی بایە ساردهکە فێنک کاته‌وه....
ئێستا ژانه‌کان وا به تهواوییروو له دامەنینە. له تاوان و لەدەست ئەو ئازارە لەپڕو نەبڕاوانە بە توڕهییەک له سەر وکەللهی خۆی رادهخوڕی و ده‌یه‌وێ قاڕی ئه‌و هه‌موو داڵغه‌و خه‌یاڵانه‌ی دایگرتووە، بدا. له‌به‌ر خۆی دهپرتێنی ده‌ڵێ "گه‌ڕه‌ک و مه‌ڕه‌کی چ".
ئێ هه‌ر ئەوان نه‌بوون به‌ده‌ریان نان!!
دیمه‌نی به‌زۆره‌ملێ بارکردنه‌که‌ی ئه‌و رۆژه‌ی وه‌ک قیڕوجفت له مێشکیداا تاوایته‌وه. زۆرجاریش له دڵ و له‌په‌نای دڵ گله‌یی له دهرودراوسێیانی ده‌کا... نه‌ک هه‌ر له‌وانیش، به‌ڵکو له هه‌ر هه‌مووان. ههمووئەوانەی"شه‌ڕه‌که"یان نایه‌وه، سه‌رباری پفکردنی ئاژاوه... به هه‌مووان دڵه باشه‌کانیشیان کرمن کردن و خه‌ڵکه‌که‌شیان له یەکتر کرد به دوژمن.
هیچ خوانێکی ته‌باو تفاق نه‌ما، ته‌ڕو هیشک به‌یه‌که‌وه سوتێنرا، میرات و میراتگریی زه‌ق کرایه‌وه و شار‌و گه‌ڕه‌ک و کۆڵانانی پێ دابه‌ش کرا...... هاتن و بڕوبزگوڕهکانیشیان پهلهخشه پێکردوگوتیان "بارکه"، " برۆن"!
ژانه‌کان وا توند و توندتر ده‌کا. له ده‌ست ته‌نیایی ئه‌و شه‌ویشی سۆزی پتر هه‌ڵده‌ستی ودیسان راپێچی ناو جاری جارانی ئەولای ده‌دا.... که‌ی گه‌ڕه‌ک جاران وه‌ک ئیستا ئەوها بوو؟ ئا.. ڕاسته، پێیان دەگوت گەڕەک، به‌ڵام راستیه‌که‌ی هه‌موو لە خاوخێزانی یەک ماڵ ده‌چوون...
خۆی جگه له مه‌مکه‌کانی دایەی، فرچکی به شیری یەک دوو دایکی دیکه‌ی دانیشتووی ئه‌و گه‌ڕه‌که گرتووه. وه‌ک زۆرینه‌ی منداڵانی ئه‌وێش زۆربه‌یانی به خوشک و به برا ناوده‌بردن.
دەستەکی دیکه‌ی بەسەر ورگە تەپیوەکەی داهێناو بیری لەو قسانە کردەوە کە لە یەک دووانەکی بیستووە کە گوایە زگه‌که‌ی ئه‌و جاره‌ی له زگی کوڕان ده‌کا. به‌ڵام ئەوەتە ژان و بهرهژانەکانی ئێستای هه‌ر له زگهکانی دیکه‌ی ده‌چی... هه‌مووی له بهروموسڵدان و پانتایی زگەکەیە.... خۆزگه کوڕ ده‌بوو، مزگێنی بۆی ده‌نارد و پێی ده‌گووت "هه‌وارت چۆل نییه".
له‌و ڕۆژه‌ی جێی هێشتووه ته‌نیا یه‌ک نامه‌ی وی پێگه‌ییووه... جا له‌و ئاگربارینهی ئه‌م شه‌ڕه‌ش چاوه‌ڕوانی چی پتری هەبی؟!.... سنووره‌کانه گیراون... دایهرهکانه، له‌کارکه‌وتوون... خه‌ڵکه‌که‌ش بێ بڕوان و جێی متمانه نه‌ماون.
که بوزگوڕهکانیان تێهه‌ڵده‌دان...پێی گوتن "لێره نه‌ماوه و سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و ڕۆیشت" هاواری کردنێ گوتی "ئه‌و نه‌یویست به‌دۆر و تهپری درۆ‌و دەلەسە ههرپهڕی ". گوتی "دەرچوون و گیانکوژیی هه‌نده‌رانی لا باشتر بوو له شه‌ڕی براکوژیی" .گوێیان نه‌دایێ و باوه‌ڕیان نه‌کرد. گه‌ڕه‌ک پشتی خۆی تێکردو خۆی و منداڵه‌کانی ئه‌وه‌تە ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه له‌و ته‌نیاییه‌ی ئێره ژیان ده‌که‌ن، سه‌رباری هه‌موو خراپه‌کاریی و دڵڕهنجاندنێکی لەو گەڕەکە، ئێستاش بۆ دووریان هه‌ناوی وه‌ک ته‌ندووری گه‌رم ده‌سووتێ.
ده‌نگی بایه‌که به تینتر ده‌که‌وت ودەنگە دوورەکان نزیکتر دەبوونەوە... شهوهکە بە نیوە ببوو ... رۆناکیی چراکانی بێ کاره‌بایی له چه‌ند شوێنێک داده‌گیرسان. غه‌ڵبه غه‌ڵب له دیوی دیواره نزمه‌کانی بهروحهوشهی نزیکی کۆنه حه‌ساره گه‌وره‌که‌ی، کە شاربەدەرکراوەکانی وه‌ک خۆی... ئاوه‌دانیان کردۆته‌وه‌و لێی نیشته‌جێن، ده‌بیسترا. چه‌ند رمبه‌یه‌کی دوور ده‌نگی دایه‌وه، رێژنه و شریقه‌ی دوور‌و درێژ ده‌ستی پێ‌کرد ودەنگی بایه‌که قه‌ڵه‌باڵغتر بوو.
خورپه‌و ترس و ژانی لێ تێکه‌ڵ بوو... زانیان هێرشه‌کان دهستیپێکردۆتەوه... لە ترسان ناو ده‌رپێکه‌ی به ته‌واویی ته‌ڕ بوو، زگهکهش تهواوەک خۆی خزانده ناوهەردوو لاقانی... ئیدی لهقووتدانی ترس بترازێ، شوێنی قووتدانه‌وه‌ی هیچ ژانێکی نه‌ما و که‌وته زاک و زریکه‌و هاواران.
یه‌ک دووەک پێیڕاگهیشتن و منداڵه‌کانیش له زریکه‌ی دایه‌یان وه‌ئاگاهاتنه‌وه... له ژوورەکەی بنەبانێ ژنەک دهیخوڕیێ " قووه‌ت که ده‌ی... مه‌یپسێنه.. ده‌ی وا هات... ئه‌وه سه‌ریتی، مه‌یپسێنه، وەخت نەما... پارده... وا هات" ههه... ههه... قوه‌تی ده‌کردو دوایین زریکه‌ی له‌گه‌ڵ واقه‌ی ساواێک تێکه‌ڵی یه‌کبوون و نه‌جاتی بوو.
که ئاسۆیه‌کی زێڕین شه‌وه‌که‌ی دادڕی... دایه‌و هه‌رچوار کچه‌که‌ی و مه‌لۆتکه ساواکه له پاڵ یه‌کدی دانیشتبوون. رمبیهکی زل حه‌وشه‌که‌ی له‌رانده‌وه... هه‌ر له ژێر هه‌یوانه‌که به سه‌رو سیمایەکی پێچراو و ده‌م و لێوەکی وشک به دوودڵیی له دانیشتوانه‌که‌ی ده‌ڕوانی که خه‌ریکی خۆتێکنانی رۆیشتن و راکردن بوون.
هه‌مووان تێک دهقژقژان و په‌له‌په‌لیان بوو... خێرومهندێکیش په‌لی یه‌که یه‌که‌ی منداڵه‌کان و خۆی و مه‌لۆتکه تازه‌که‌ی کێشایه ناو" لۆری"ه گه‌وره‌که‌ی کە هەر بابا بوو هەریەک جێگەی خۆی تێدا دەکردەوە. به‌ره به‌ره شاره بچووکەکەیان بەجێدەهێشت. خه‌ڵکەکە هه‌ر هه‌مووی روویان له‌پێشه‌وه‌ی رێگه‌کان بوو و بەرەوپێشەوەیان ده‌ڕوانی وپەلەپەلیان بوو تا زووتر دوورکهونهوهو ده‌ربازی هێرشه‌کان بن.
ته‌نیا خۆی نه‌بێ... پێچه‌وانه‌ی هەرههمووان دانیشتبوو. مه‌لۆتکه‌که‌ی بە ئامێزوە گرتبوو... بە دوو چاوی بێخەو و روخسارێکی ماندوو و مه‌لوول... چاوه‌کانی ئه‌و رێیانهیان دهپشکنیهوه که بەرەو گه‌ڕه‌ک ده‌گه‌ڕانه‌وه ودەنگی مەرەق و ئاخ‌و ئۆفانی لە کەلەنی لێوان دەردەدا...
ماڵپه‌ڕی خوناو سمایل مامه
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما این‌جا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|