*تانووت*
خەم هات و نیگای شاری لەباڕووتەوە پێچام
بۆوەی نەفڕم بەژنی لەتابووتەوە پێچام
کوێستان بەڵەک و، دیلی ڕنوو باڵی گەزیزەم
داوێ کەوی ڕۆحی لەسیاسووتەوە پێچام
من دەردی دڵی گەل گڕی بەردایە هەناوم
گەل هەستی لەدوودەی سڕی تانووتەوە پێچام
*
شۆخێ بەنیگایێکی ڕفاندم دڵ و، پێمگوت:
مەمنوون کە لە ئاونگی گوڵی ڕووتەوە پێچام
توورن گوڵم ئەو دوندی لەسەر سینەتە بۆیە
ئەشقێکی خودایی دڵی لەو جووتەوە پێچام
سووتا بەترووسکێکی ئەوینت دڵ و جەستەم
بۆت بوومە کل و وەسمە لەپێڵووتەوە پێچام
ئەشکەوتی دڵت کردە سیاچاڵی و لەوێدا
پێست و ڕەگی جەستەت لەسەرەبزووتەوە پێچام
باگێژی هەناسەم هەڵیکرد، لەچکەکەتی برد
شەو بردی دڵم، یا لەخەمی مووتەوە پێچام؟!
ئهمين گهرديگلاني