سیبه ر
سێبه‌ری خه‌مۆکیه‌کی قووڵ
ره‌نگه که‌م که‌س هه‌بن وه‌ک من له خۆیان بترسن.ئه‌رێ....له خۆیان.من له خۆم ده‌ترسم.زۆریش ده‌ترسم.نازانم له ترسی خۆم روو له کوێ که‌م.بچمه کوێ خۆم له وێ نه‌بم؟ترس له خۆ،خه‌راپترین ترسه.
ئه‌وه نه یه‌که‌م جار و نه ده‌یه‌م جار بوو که له بێ ده‌نگی نیوه‌شه‌و دا به ده‌نگی لرفه و خیسکه و جارجاره‌ش قاقای خۆم وه‌خه‌به‌ر ده‌هاتم.تارمایی خۆم له‌و به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌دیت،به چاوی پڕ له خوێن و لووت و گوێی بڕاوه‌وه که به ده‌ستمه‌وه گرتبوون.به ده‌م لرفه و خیسکه‌وه به عه‌زڕه‌ته‌وه ده‌مڕوانیه خۆم.هه‌تا هێزم هه‌بوو چریکاندم و په‌رده‌م کێشا.به په‌له چوومه به‌ر ئاوێنه. وه‌ک هه‌موو جارێ جگه له خۆم وێنه‌ی که‌سێکی تریشی تێدایه.به ده‌ست و ده‌م و چاوی خوێناویه‌وه تێم راده‌مێنێ و پێم پێده‌که‌نێ.له پڕ را ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه،دایکمه .به به‌رهه‌ڵبێنه و چارۆکه ره‌شه‌که‌یه‌وه.
کوڕم تۆ شێت بووی؟بۆ له خه‌و دا هاوار ده‌که‌ی؟ به خوا وا نابێ.ده‌بێ نووشته‌ت بۆ بکه‌م.
نازانم چ ده‌ڵێ.چاو له چاوی ده‌بڕم.له چاوانی دا ئاور دایسێ.به کونه لووت و گوێیانی دا دووکه‌ڵ دێته ده‌ر.به‌ره‌و رووم دێ. به بوارێک دا ده‌رده‌په‌ڕم.خۆ له هاڵه‌که ده‌کوتم.دایکم به‌رماڵه‌که‌ی راخستووه و خه‌ریکی نوێژ و ته‌لیله‌یه.
به راستی دایکێکی سه‌یرم هه‌یه.هه‌ر دوێنێ به‌یانی بوو که له په‌نا ده‌رگای ژووره جه‌هه‌ننه‌میه‌که‌م خۆم لێ گرتبوو،سه‌ماوه‌ری ده‌دواند:سه‌ماوه‌ر گیان،هه‌ر که زانیت دوا هه‌ناسه‌ی ژیانت هه‌ڵده‌کێشی،خۆت بسووتێنه.ئه‌وه یه‌که‌م جار نه‌بوو که دایکم له گه‌ڵ شت و مه‌کی ناو ماڵ بدوێ.قه‌ده‌رێک له‌وه‌ی پێشیش سه‌ری به سه‌ر مه‌شکه‌که دا رۆ گرتبوو،حیت حیت پێی پێ ده‌که‌نی:من پێم سه‌یره.تۆ خۆت که‌ر کردووه ،خۆت بۆو خه‌ڵکه ده‌دڕێنی.پاشانیش بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام بێ،رووی گرژ کرد و گوتی من چه‌ندین ساڵه ئه‌وه‌ی تێگه‌یوم.
که سڵاوی داوه و له زیکر و ته‌لیله بۆوه،مۆڕه‌یێکی له من کرد و بۆڵه‌یێکی لێ هات.هێشتا تاریک بوو.قوڵته‌ی سه‌ماوه‌ر و پرخه‌ی دایکم و ترسی من،جێیان به یه‌ک لێژ ده‌کرد.
بیرم له خۆم ده‌کرده‌وه،منی خوێنده‌واری به قسه‌ی خۆم رۆشنبیر،ئه‌وه‌ی که هیچ باوه‌ڕم پێی نه‌بوو،به زه‌ق و زیندوویی به سه‌رم ده‌هات.دایکم دوای نوێژی به‌یانی نووستبۆوه‌و ده‌ستی به وڕێنه کردبوو:ئه‌رێ کوڕی خۆم،من چه‌ندین ساڵه مردووم.به‌ڵام ئه‌و گیانه ماندووه‌م،ئه‌و سه‌رشێته،ده‌ست له جه‌سته‌م ناکێشێته‌وه.ئه‌رێ...کوڕی خۆم..... .
نه‌مده‌وێرا سه‌ر هه‌ڵێنم.ده‌مزانی چاوه‌کانی دیسان ئاگریان....ویستم هه‌ڵێم بۆ کۆڵان یان لانی که‌م بۆ حه‌سارێ،که چی ده‌رگا گاڵه درابوو.دایکم وه‌ک پشکۆ گه‌شاوه.لێفه و دۆشه‌ک و ماڵه‌که‌ش ئاگریان لێ هه‌ڵده‌ستا.په‌نجه‌ره‌م شکاند.خۆم فڕێ دا ده‌ر.تازه هه‌تاو زه‌رده‌ی ده‌دا.
رۆڵه تۆ هار بووی؟په‌نجه‌ره‌ی ده‌شکێنی ده‌چیه ده‌ر؟ده‌رگا به‌و زه‌لامیه‌ی ئاوه‌ڵایه.
هه‌موو جارێ ده‌ڵێم ده‌ڕۆم.ده‌ڕۆم و ئه‌و ماڵه نه‌فره‌تاویه به جێ دێڵم.به‌ڵام هه‌ر هه‌موو جارێ فرمێسکی دایکه کڵۆڵه‌که‌م به‌رهه‌ڵستێکی گه‌وره‌یه و پێی ناوێرم.
دایه با ئه‌و خانوویه بگۆڕین...
ده‌مت داخه ئه‌مه یادگاری باوکته...ئه‌مه...
دایکم نازانێ من چی ده‌کێشم.لێکدا لێکدا له به‌ره‌که‌ت و به‌سه‌ردابارینی رۆژ به رۆژی ئه‌م خانوویه،له سه‌رده‌می باوکم ده‌دوێ. گوێی لێ ناگرم.هه‌مووی دووپاته و چه‌ند پاته‌یه.
هه‌ڵده‌ستمه‌وه.به‌ره‌ومووچ ده‌که‌ومه رێ.به‌هارێکی مژاوی دونیای له باوه‌ش گرتووه.له ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانی ،له‌سه‌ر جۆگه‌ی گه‌وره، له‌سه‌ر رێی ئاغا،خۆم ده‌بینمه‌وه.جۆگه نێڵه‌ی دێ. ده‌مه‌وێ بازده‌م.ناتوانم،بواری نیه.به ناچاری پێوه که‌وشێکم ده‌ردێنم بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌نگڵه شه‌له له جۆگه‌که بپه‌ڕمه‌وه.له نێو جۆگه دا لاقم له شتێک ده‌گڵێ.ده‌مه‌و له‌پ شڵپه له ئاوه‌که دێنم.که‌وشه‌که‌م ئاو ده‌یبا.بێ ئه‌وه‌ی بیر له که‌وشه‌که‌م بکه‌مه‌وه،له‌و شته نه‌رمه ده‌گه‌ڕێم که لاقم تێیه‌وه گڵا.به پێ کوته ده‌یبینمه‌وه.له به‌ر ڵێڵی ئاو باش دیار ناکا.ده‌ستم ده‌به‌مه ژێر ئاو و ده‌مه‌وێ ده‌ریکێشم.له ڵێڵی ئاو که‌م ده‌بێته‌وه.تارمایی جه‌نازه‌یێک له بن ئاوه‌که به‌دی ده‌کرێ.ناسیاره. لێی ورد ده‌بمه‌وه. ده‌یناسمه‌وه: بۆخۆمم.ده‌ستێک رۆ ده‌بێته لاقم،ده‌چریکێنم.خۆ راده‌پسکێوم.دیسان شڵپه‌م له ئاو هێنا.په‌له قاژه‌م کرد. ئاوه‌که له خوێن دا سوور بوو.ژانێکی توانا پڕووکێن هه‌موو له‌شمی داگرت.سه‌رم له ئاوه‌که ده‌رهێنا،هه‌ناسه‌یێکی قووڵم هه‌ڵکێشا.به هه‌موو هێزمه‌وه،به ده‌ست و پێ کوتان،خۆم له خۆم کرده‌وه.به قوونه‌خشکه له ڵێڵاوه‌که وه‌ده‌ر که‌وتم.خۆم گه‌یانده بن تاقه‌داره‌که‌ی سه‌ررێی ئاغای.برستم لێ بڕابوو.زۆری نه‌مابوو خۆم...خۆم بخنکێنم.بێ ئه‌وه‌ی بوێرم چاو له ئاوه‌که بکه‌مه‌وه،به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه. مه‌نگ و گێژ،ته‌ڕ و قوڕاوی،خوێناوی،پێوێک که‌وش له پێ دا و لاقێک پێخواس. به‌ره‌و ئاوه‌دانی بوومه‌وه.خه‌ڵکی ئاوه‌دانی که‌س به ده‌ره‌وه نه‌بوو یان ره‌نگه من که‌سیانم نه‌دیتبێ.به کۆمه کۆم خۆم گه‌یانده‌وه ماڵ.دایکم کێردێک به‌ده‌ست،له پشت ده‌رگای حه‌سار خه‌ریکی که‌وڵ کردنی من بوو.له لاقه پێخواسه‌که‌م را ده‌ستی پێ کردبوو.چارۆکه ره‌شه‌که‌ی ده‌له‌ریه‌وه.چه‌ناگه و لووتی هێنده‌یتر درێژ ببوون.پشتاوپشت گه‌ڕامه‌وه.بێ ئه‌وه‌ی چاوم لێ بکا،بانگی کردم:
بۆ له وێ راوه‌ستاوی...وه‌ره ئه‌و مریشکه‌م بۆ بگره.ئه‌مشه‌و تاس که‌بابت بۆ لێ ده‌نێم...
چاوم له خۆم کرد.له هه‌موو له‌شم په‌ڕ و پۆی مریشک روابوو.ده‌سته‌کانم ببوونه باڵ و دایکم به کێرده‌وه به عه‌زڕه‌ته‌وه تێی ده‌ڕوانیم...
ئاخۆ دایکم له لاقه پێخواسه‌که‌ی منی پرسی بوو؟ یان هه‌ر نه‌یدیبوو؟
له سه‌ری نه‌ڕڕاندم:ئه‌وه تۆ چته؟بۆ زه‌ق چاوت له تاس که‌بابه‌که بڕیوه و داماوی؟
وه جووڵه که‌وتم.ئه‌وه‌ی له پێش من بوو،لاقه پێخواسه‌که‌ی خۆم بوو.
دایکم له داخان ده‌گریا:رۆڵه تۆ شێت بووی؟من چی بکه‌م له ده‌ستانت؟
په‌رۆشم بوو.من به ده‌ست مۆته‌ی خۆمه‌وه دامابووم،ئه‌ویش به ده‌ست منه‌وه.
ئه‌و ئاکارانه‌ت بوونه هۆی ئه‌وه‌ی نه‌شمیل بڵێ ئێمه بۆ یه‌ک نابین.
نه‌شمیل....وه‌بیرم هاته‌وه،نه‌شمیلیش لێم ره‌ویه‌وه.ناحه‌قی ناکه‌م ئه‌و جۆره‌ی من خۆم ده‌بینم،ئه‌و بمبینێ....
دایه خانوه‌که نافرۆشین،تێکی ده‌ڕووخێنین و سه‌ر له نوێ چاکی ده‌که‌ینه‌وه.
باشه کوڕی خۆم.
دایکم چوو نووست.من مامه‌وه و تاریکی.ده‌مه‌وێ بنووم.کێرد...لاقێکی پێخواس..خوێن..نیوه خه‌و نیوه بێداری... دیسان لرفه و خیسکه و دیسان زیقه و هۆڕه و دیسان بۆڵه‌بۆڵی دایکم.... . عه‌لی سۆهرابی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 05-09-2011 در ساعت 07:03 PM
|