پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 07-23-2014 06:50 PM


ئاسمان ماخولیای "من"ێكە
تۆمەتی ژەنگاوی‌بوون لە كەشتی و شاخی گا دەدا
[لانیكەم شك لە عەقڵی دەریا مەكە]
ئەوە عاقیبەتی ناخوایەكە دەماری بە جێ‌گوڕكێی پەرچەمی سپی و سەخاوەتی ماسی نابزوێ
شتێك بڵێ؛
[مەسەلەن كاتێ شەیتان پێخۆر بە چاڵاوی پڕ لە پەپوولە ناكا بۆ "من"ەكانی پشت گوێچكەت جارێك خەون‌دیتن بە كەشتی بە واتای ڕاوی گۆی ماسی نییە]
دەریا ڕەخت‌ئاوێزی ئاسمانە و كاتژمێر عۆقدەی گشت كلیلەكانی زەمان
[یەكەم كەسی تاك كە بە پەرچەمی شەیتان ڕای‌كرد ناخواش لە گۆی ماسی‌دا نووست]
هەست بە ڕەخت‌ئاوێزبوونی "من" و ژن و تەعاڕوفی دەریا دەكەم[كە بە تەڕی، باری سەرشانی زەوییە]
[بە نەسیبی منیش نەبی یەكەم كەسی تاك بەپێچەوانەی عەقڕەبەكانی قوتبنەما ئۆقرە لە دەریا هەڵناگرێ]
شیمانەی سەمای كارمامز كە دەكەی بەر لە شەوی ماڵئاوایی دایرەش دەبێ بە گەڕۆكێكی خۆجێیی
[تا شەیتان
لە هەڵوێستێكی ڕۆخێنەردا زەوی ماچ كا هیچ كراسێك بە ڕەختاوێزبوە جێ نەهێنێ].
وێڕای ئەوەی مانگ دوگمەی بەرۆكی ئاسمانە یا ڕێنوێنی پەرچەم كەشتی گوێچكەی بە هیچ دزێك نابزوێ.
"من" نازانێ/ شتێك بڵێ؛/ هەر ئەوەندە! لاق لە سەمای كارمامز كە دەركێشم شەیتان هیج نیشتمانێك ماچ ناكا/
بە نەسیبی منیش نەبی ناخوا نەقشە ناسڕێتەوە تا مانگ لە گوێچكەی ماسی‌دا جۆغڕافیا بۆ جارێكیش بێ كوێر بكا
["من" قوتبنەمای دایرەیە و ڕوو لە هەر ناخوایەك بكا زەوی تاقەتی پەرچەمی سەر سنووری هەر دەمێنێ]
زەوی بۆ هەر لا بسووڕێ سنوور شك‌كردنە لە عەقڵی دەریا...
بۆ ئەوەی "من" پیر نەبێ گشت كاتژمێرەكانی جیهان بدزە
[ئاسمان ماخولیای ئەلفێكە لە هەر چیەك‌دا تاوتوێكەی هەڵوێستێكە دە بەرژەوەندی ئاو و ئاماژە و كڵاو‌دا]
شتێك بڵێ؛
مەسه‌لەن بڕوام بە مانگ نەماوە یا خۆر لە كەسێك‌دا خەوتووە تیتری شه‌وە
[كە پەرچەم و سنوور ویترین لە چاوت‌دا شەوێك خەوتووە شه‌فاعەت بۆ نیسێم ناكا / یا مانگ دەتكێتە سەر گۆنات... ئەرێ قوربان تۆ شین‌تر لە تاوانمی؟ / زستانانیش گەرمم كەوە بۆ هاڕمۆنی شەوانەی ژن كاتی بەشم لە ئاسمان / پەنجەرە هەر سنوورێكە / ئەگەر بە سەر قاڵییەكم‌دا خۆر بە پێخواسی پیاسە بكا من دڕدۆنگم لە لانیكەم تاكوو بڕوا / زەوی بۆ هەر لا بسووڕێ ماچ بە ڕەختاوێزەوە جێ ما /...]

عەبدولقادر نیازی ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 06:52 PM


من كتێبێكم ژنستان

من وورده‌ قیژه‌ یه‌كم له‌پشت عه‌زابه‌
كه‌سكه‌كانی‌
ئازاره‌وه‌ چاوم هه‌ڵهێناوه‌..
كچی‌ شه‌رعی‌ ئازارێكم هه‌موو ڕه‌چه‌ڵه‌كم,
ده‌ڕواته‌وه‌ سه‌ر پرچی‌ په‌لكه‌ ڕێحانه‌یه‌ك...
ده‌نووكی‌ دڕك شلوێی‌ كردووه‌‌و
قوڵپی‌ دڕكه‌زی‌ له‌باڵایا زیندانی‌ ڕواندووه‌...
به‌چاوێكی‌ كپ‌و به‌جیلوه‌یه‌كی‌ كوتراوه‌وه‌
له‌درزی‌ كۆڵانه‌كانی‌ چاوه‌ڕوانیا
ده‌نووكی‌ ئه‌ومه‌لانه‌,
له‌قسه‌كانی‌ قه‌فه‌س به‌تاڵ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌
نه‌یانوێرا...له‌ژێر باشوری‌ غه‌ریزه‌كانی‌ ئاوه‌وه‌
زامی‌ قژه‌گیایه‌كی‌ په‌مه‌یی‌,
به‌جریوه‌ ببه‌ستن‌و
به‌ناز‌و عیشوه‌وه‌ سه‌ر له‌كۆماری‌,
ئه‌وكچه‌ كه‌ ئابانه‌ بده‌ن
ماشۆشیانه‌ له‌زه‌ته‌كانی‌ پاكیزه‌ییان
ڕووخێنرا‌و
پایته‌ختی‌ بێوه‌ژنیشیان,
به‌مه‌راسیمی‌ تیرۆر ئاوه‌دان..
هه‌موو خه‌تای‌ تۆ بوو ئه‌ی‌ شه‌ڕ,
فێری‌ قیژه‌ت كردم, لێنه‌گه‌ڕای‌
جوگرافیای‌ ئه‌م ده‌ستانه‌م,
خه‌ریته‌یه‌ك ماچ بكا,
ئازار په‌ی‌ پێنه‌بردبێ‌...خه‌تای‌ تۆ بوو ئه‌ی‌ شه‌ڕ,
له‌سه‌ر شانی‌ قیژه‌یه‌كی‌كه‌نه‌فتا
گوزه‌یه‌كم بینی‌ به‌گریان خۆی‌ پێچابوو..
ئه‌وه‌ حیكایه‌تی‌ كانییه‌ك بوو,
به‌ده‌م مۆسیقای‌ ئازاره‌وه‌ ده‌ڵێ‌:-
پێش ئه‌وه‌ی‌ شووبكه‌م به‌قه‌وزه‌ی‌ جۆگه‌یه‌ك,
عاتیفه‌م چرچ‌ولۆچ بوو,
به‌ته‌ڵاقی‌ ئه‌و په‌ڕه‌سێلكانه‌ی‌
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌فه‌ربكه‌ن, سه‌فه‌ر
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆچ بكه‌ن, كۆچ
نیشتمانیان له‌جانتایه‌كی‌ سه‌رئێشه‌,
هه‌ڕاج كردو..له‌په‌نا
دووبڕگه‌ی‌ شه‌ره‌فیشا,
منیان كوشت.....!!
****
من قیژه‌ی‌ ژنێكمله‌زه‌مه‌نی‌ ڕشانه‌وه‌دام,
پشوویه‌كم نییه‌ بۆ خۆشه‌ویستی‌...
شه‌وانه‌ دڵی‌ نیشتمانم پڕه‌ له‌حوزنی‌ كاڵ‌كال
ڕۆژانه‌ قژی‌ شانه‌ده‌كا.
به‌قیژه‌ی‌ ترش‌وتاڵ‌.....
من كتێبێكم ژنستان..
ئاخی‌ لاپه‌ڕه‌كانم تژییه‌ له‌قیژه‌ی‌ هه‌مه‌ڕه‌نگ
قیژه‌ی‌ سپی‌ ده‌ڵێ‌:- سه‌رپۆشی‌ هه‌ورێكم بینیووه‌
له‌ژێر یا مه‌مكه‌ په‌ناهه‌نده‌كانی‌ خۆر,
له‌بری‌ قریووه‌
گژوگیای‌ گریانی‌ گرتووه‌...
قیژه‌ی‌ ڕه‌ش ده‌ڵێ‌:- شاڵی‌ شه‌مێكم بینیووه‌
له‌باوه‌شی‌ وه‌لییه‌كانی‌ دیوارا
قیژه‌ی‌ لێ‌ وه‌ریووه‌‌و قه‌فه‌سی‌ لێچنراوه‌....
قیژه‌ی‌ سه‌وز ده‌ڵێ‌:- گسكێكی‌ لاسارم بینیووه‌
پرخه‌ی‌ پاكژی‌ شه‌قامێك,
له‌چاوه‌كانیا ده‌دڕێنێ‌‌و
به‌ئیمزای‌ ڕه‌شه‌باش,
چینه‌ده‌كا له‌باڵای‌ دره‌ختێكا...
قیژه‌ی‌ سور ده‌ڵێ‌:- كچێنی‌ پشیله‌یه‌كم بینیووه‌
له‌ڕه‌حمی‌ پیاڵه‌یه‌ك خوێندا,
ده‌چێته‌ خه‌وی‌ ئه‌به‌دیی‌‌و خنكاوه‌...
قیژه‌ی‌ شین ده‌ڵێ‌:- نه‌وڕه‌سێكم بینیووه‌
تادوا گیانه‌ڵڵای‌ سجود,
به‌عیشقی‌ نوێژه‌كانی‌ ده‌ریاوه‌,
ڕۆحی‌ شینی‌ له‌ناو له‌هجه‌كانی‌,
شه‌پۆلا جێهێڵاوه‌...
قیژه‌ی‌ زه‌رد ده‌ڵێ‌:- ئێواره‌یه‌كم بینیووه‌
له‌قه‌هری‌ مانگ خۆی‌ كوشتووه‌,
له‌هاڕه‌ی‌ ده‌سته‌هار‌و هاجه‌كانیشیه‌وه‌
خوێنی‌ خۆر نشین,
له‌په‌نجه‌كانیا تكاوه‌....
****
ئه‌دره‌سی‌ ئه‌م قیژانه‌ ده‌ڕواته‌وه‌,
سه‌ر نه‌سلی‌ ئینشایه‌ك
گڕوگاڵی‌ ده‌رگایه‌ك نییه‌
به‌ووتاری‌ قفڵ‌ گۆش نه‌كرابێ‌..
گوڵدانی‌ ماڵێك نییه‌,
خورپه‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ تیایا چرۆی‌ نه‌كردبێ‌..
ئاسمانی‌ ده‌لاقه‌یه‌ك نییه‌,
بارانی‌ ڕوئیاسه‌ر له‌ئینجانه‌یه‌كی‌ پیر بدا...
پایپی‌ شه‌معدانێك نییه‌,
به‌په‌روانه‌یه‌كی‌ په‌ڕه‌وازه‌ بڵێ‌:-
سكوت به‌سكوت كه‌سك‌وسوری‌ عاتیفه‌,
قیژه‌یه‌ كه‌له‌بار چووه‌....!!
قرچه‌ی‌ ملوانكه‌یه‌ك نییه‌,
به‌گه‌ردنێكی‌ چرچ بڵێ‌:-
سه‌ر خه‌وێك بشكێنه‌ ئه‌زیزم
لۆچی‌ ئازار ده‌سڕمه‌وه‌..
هارمۆنی‌ گۆرانییه‌ك نییه‌,
به‌گمه‌ی‌ كۆترێك بڵێ‌:- هێواش به‌هێواش
نۆته‌كانی‌ سه‌فه‌ر له‌بیری‌ نیشتماندا ده‌كوژێنمه‌وه‌...
نه‌شئه‌ی‌ نیشتمانێك نییه‌,
به‌شه‌ڕبڵێ‌:- شه‌رم كه‌, شه‌رم
تازه‌ دارشه‌قی‌ چی‌؟!
من كه‌م ئه‌ندامناخه‌مه‌ڕۆحی‌ ڕسته‌مه‌وه‌,
من شومكردووه‌ به‌تاڵێك له‌پێكه‌نین...
****
ئه‌دره‌سی‌ ئه‌م قیژانه‌ ده‌ڕواته‌وه‌سه‌ر,
میزاجی‌ جه‌نگه‌ڵێك
دیالۆگی‌ به‌هارێك نییه‌,
هه‌تازمانی‌ گه‌ڵا،
به‌پاسارییه‌ك بڵێ‌:- به‌یانیت سه‌وز هه‌ناسه‌كه‌م
وه‌ره‌ به‌ده‌نووك له‌تابلۆكانی‌ تیرۆر
ڕووت,ڕووتم كه‌ره‌وه‌‌و
له‌بناری‌ قسه‌كانی‌ فڕینتا
كات ژمێری‌ قیژه‌ قه‌فكه‌....
هێشتا به‌رچینه‌یه‌ك لۆژیك,
مشتێ‌ ماچی‌ سه‌وزه‌...
دانووستانی‌ ئه‌لفابێتێك نییه‌,
به‌خه‌یاڵی‌ جه‌نگه‌ڵ‌ بڵێ‌:- قه‌سابخانه‌ی‌ قیژه‌ لوولكه‌‌و
عاشق به‌...
هێشتا عیشق له‌سنگی‌ دوو داری‌ ووشكا,
شنه‌شنی‌ ستیانێكی‌ سه‌وزه‌...
له‌جه‌نگه‌ڵا خوڕه‌یه‌كی‌ سه‌وزنی‌یه‌,
سوره‌ چه‌تاڵێك چنگی‌ لێ‌ گیرنه‌كردبێ‌
هه‌تا به‌پێیه‌كانی‌ ئاو بڵێ‌:-
ئێواره‌یه‌كی‌ سه‌وزتان سه‌وز
گه‌رهاتن...سكون,سكون
له‌هه‌نگاوه‌كانتانا بوه‌شێنن...
باسوهراب خه‌وببینێ‌:-
ئه‌وانه‌ی‌ قیژه‌ی‌ به‌رد ده‌گرنه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ی‌
وابزانێ‌ قاقای‌ كچانه‌!
باگۆران ئارام بگرێ‌‌و تۆزێك سروشت,
له‌و قیژانه‌ هه‌ڵكێشێ‌,
كه‌لیستی‌ سه‌ربڕین,
ناو نووسی‌ كردن...!!!

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی ــ سلێمانی


behnam5555 07-23-2014 06:53 PM


یه‌سنا

پێیه‌کانم له‌ خۆم ون ده‌که‌م
نه‌کا ئێواره‌یه‌ک بۆنی ئه‌م کۆڵانه‌ ده‌گه‌ڵ خۆی به‌رێ
خۆم له‌ خولیاکانم ده‌شارمه‌وه
نه‌کا به‌یانی یه‌ک ئه‌م کانی یه‌چیرۆکه‌ شێعری مه‌رگم, بۆ ماسێکانی ده‌ریا به‌رێ....
خۆم له‌ خۆمدا ده‌توێنمه‌وه‌
نه‌کا رۆژێک رۆحم,نێونیشانی خۆم
له‌ تۆ پرسێ
یه‌سنا
ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای له‌ دایکبوونی ون بوونم بوو
ئه‌و ساته‌ی ره‌هێڵه‌ی به‌رد ده‌باری و
که‌ڵه‌که‌ی ده‌کرد به‌ره‌و ئاسمانی خوا
یه‌سنا
من و تو خواشمان له‌ خۆمان تۆراند
ئه‌وساته‌ی شه‌قامله‌ سه‌ر جاده‌ی بیره‌وه‌رێکانمان پیاسه‌ی ده‌کرد
گه‌ڵا گه‌ڵاشۆڕه‌بیمان ئیشک کرد
ئه‌و ساته‌ی خوا سکاڵای ئه‌نووسی له‌ جێ ژوان
یه سنا
چ سه‌ره‌تایه‌کی ڕه‌شه‌ڕه‌شه‌مه‌ وچ مێژوویه‌کی بێبڕانه‌وه‌
یه سنا
لێره‌ هه‌ر به‌فر ده‌بارێ و که‌ڵه‌که‌ ده‌کا
بڵێی له‌ وڵاتێکی تریش ...؟
لێره‌ هه‌ر تۆفانی ڕه‌شه‌مه‌یه‌ تف له‌ کانی ده‌کا
بڵێی له‌ وڵاتێکی تریش ...؟
لێره‌ هه‌ر ئاوێنه‌یه‌ ترۆر ده‌کرێ
بڵێی له‌ وڵاتێکی تریش...؟
یه‌سنا ونم
یه‌سنا
ماوه‌یه‌که‌ نێونیشانی خۆم
له‌ تابڵۆکه‌ی سه‌ر کۆڵانه‌که‌مان ده‌پرسم
یه‌سنا ونم
ونمیه‌سنا
له‌ ناو ڕه‌هێڵه‌ی به‌رد و
که‌ڵه‌که‌ی ڕه‌شه‌مه‌
یه‌سناونم
ونمیه‌سنا
و
ن
م
ی ه س ن ا

قاسم تاباک ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 06:54 PM


دایکم ده‌یگوت ئه‌و کاته‌ی تۆ له دایک بووی
چوار ئه‌ستێره‌ت له چنگه بچکۆلانه‌که‌ت حه‌شار دابوو
فێرم کردی بیان بژێری
نه‌کا ئاسمان له دوا ڕۆژدا حاشای لێ‌بکا
دایکم به‌‌وه‌ی سه‌ری سووڕما
که تێ‌گه‌یشت
هه‌ر چواریانم له ده‌سره‌یه‌ک چنییه‌وه و
دامه ده‌ست ئه‌و شێتۆکه‌یه‌ی
به پای په‌تی له شه‌قام‌دا غاری ده‌دا
مریه‌م قازی ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 06:56 PM


بیستوومە چاخی چەقی كۆڵان
بە بای مێیینەت هەڵدەلووشێ
تۆڕ دەخەی كە پێت نەنگوێ .
درۆ لە چەقڵی چاوی هەرچی لەحنەتییە
ئەفسوون دەكەم
گەرم بە تینی لەشت دەخزێم و
لە ناو دەستەكانی هەتاو
سڕایی ڕاو دەكەم .
چ گۆمێكە
بۆگەنی غیرەت
لە ئاسەواری ئەم دیوارە، كە دەسڕم
لە نۆنەكەم رادەخەم
حەزی بێ‌بایەخی پەنجە لە دیوار ،
رووحت پەندی رۆژگارە
دەینێژن بێ‌تاوان !!
كاتی ئێرە ناژمێردرێ !!
تەرمی هەرزانی هەتاكوو میعراجی عالەم
سەربەهەش تازەیی بۆ دەگێڕدرێ
لە پەسێوی حەسرەتێك
كە شەقام لەو ژنە دەستێنێ كە ئاسمانی
بە هەنگاوەكانی، تامەزرۆی خۆی كردبوو ..
تاڵ و تفتە هەناسەكانی
.....
بۆنی بەیانی دەدا
پەنجەرەی پەككەوتووی
فاحیشەیەك
كە روومەتی تابۆی زەمانە و
رۆ رۆ لە هزری
خشتەی زەوی بێچم دەكرێ
سەفەری ئەم هەناسەیەی
لە دەرزێكی راونراو
قات ...
چ زلكاوێكە
تەمەنی نامۆی با
دەگەڵ قوڕقووشمی رووحی كڵۆڵی تۆ
ئێرە بەیانییە بە كاتی
قێزەوەنترین ساتی دەستەوەستانی و
رەڵمی چاوەكانی پەشۆكاوت و
گران
كە بەراوەردیان دەكەم بە بەفرو
سپین ،
كاڵ لە جەستەی تۆ ..
زەمەنی دڕبوونی خۆم
لە دوا چۆڕی فرمێسكی با
لە بێژینگ دەدەم
كە پێم فێر نەبێ قەڵغانی كپی و ماتی
لە رووخساری خۆمدا پەنگ دەخۆمەوە
تەرمی خۆم و شەیتان
بە یەكەوە
دەستەمۆ دەكەم !!!
وەباڵ بە ئەستۆی ئاسمان
خۆر، مارەكراوی دۆزەخ نییە و
تامی تفتی كراسی تۆش
بەرگەی خۆری چاوەكانم ناگرێ
بڕوا بكە
زەمان پرچی كەحلانی تۆی
لە لاپەڕەیەكیشدا نەهۆنیوەتەوە
تاكوو سەبر
سترانی جەستەت بخوێنێتەوە
نە بەژانە كوێرەڕێی
سمتی لاڵەوەبووی قەدت
نە زەینم دەدرێتە
پەتانی تاسەت
كە تام بكەم رێبازی خەوتووی
مەنگیت .
هەوار خزرزادە " شەڤگەش" ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 06:57 PM


هه‌ساره‌یه‌ک پڕ له غه‌م و سوحبه‌تی ئێواره
ئاوه‌دان‌ترین وه‌رزی قسه‌ت بوو
سڵاوێک
که دوێنێ هاتیوه لام
وه من تێر به ئێواره‌یه‌ک سوحبه‌تم کرد
وه تۆش تێر به عیشق دایکایه‌تی
بڕیار بوو ده‌ستت پڕ له عه‌تر که‌ی
له بۆنی ئه‌و ڕیحانانه‌ی
شین ده‌بوون له نێو باغچه
به سوحبه‌تی ئێواران فێریان که‌ی
ئه‌و چاوانه‌ی ئێستا ماون له سه‌ر ڕێگا
بڕیار بوو باوه‌شت کورت‌ترین دیوار بێ بۆ گڕووم
وه‌نه‌وزێ بده‌م تێیدا
به‌ڵام هه‌ر که ڕووخا
ئه‌وه سه‌ری منه‌و هه‌نیسک
هه‌ر ده‌مه‌ی بۆ لایه‌ی ده‌با
هێنده غه‌بارم
ده‌زانم
ئاخرێکه‌ی که غه‌م ده‌مبا
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن

behnam5555 07-23-2014 06:58 PM


دەرۆژەكانمدا ون بووم
دەساتەكانمدا بەسەر چووم
ئاخ نازانم ئاخۆ چ كات
رۆژی ژیانی من هەڵات
سەرلێ‌شێواوی، ناكامی
رادەبرێ ژین بەسەرسامی
لە سەودای پێگەیشتنم
ئامادەن بۆ هەست كوشتنم
كاتەكانم رادەبوورن
وەك ژیانی خۆم مەجبورن
بە رووحمدا هەڵدەگەرێن
بە ناكامی هەڵدەوەرن
ئیزنم پێنەداوە بەڵام
دادەوەرێ دوایین گەڵام
حەزم دەكرد لەم گەرداوە
كە بە دەس خۆم سازم داوە
هاتبامە دەر بە روو سووری
لە چواردیواری مەجبووری
بیستوومە من هەزاران جار
ژیان رابردن بێ دڵدار
بە بێ خۆشی و عەشق و مەستی
نامێنێ دڵ تین و هەستی
رادەكەم بەم‌لاو بەم‌لاوە
ڕبەی ژینم ناتەواوە
بە بێ تۆ تەنیا بۆ ساتێ
هیچ شتێ خۆشیم ناداتێ
ئاخ چەند سەختە بێ تۆ مردن
بە ناكامی بە سەركردن
ئاخ چەن سەختە بێ تۆ مردن
بە ناكامی بە سەركردن
گوڵاڵه ستاوه‌ند ــ ورمێ

behnam5555 07-23-2014 06:59 PM


پێچه‌وانه
به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای ئه‌وین
تۆ له‌ لام بووی و من
خۆم کرد به‌ نه‌بین
تۆ بووی و بۆنی خۆشی گوڵی سوور
چریکه‌ی بانگی خۆشه‌ویستی
بزه‌ و پریکه‌ی پێکه‌نین
تا له‌ ژووری چاوه‌کانتا
میوانت بووم
خانه‌ خوێم بووی
باران نه‌رم و هه‌تاو گه‌رم و
خه‌یاڵ ڕه‌وین
هیوا که‌سک و تاسه‌ ته‌سک و
دارستانی ئاوات به‌رین
سه‌رم به‌رز و خه‌مم ته‌رز و
دڵ ئاگرین
له‌وده‌مانه‌و تیشکی بزه‌ت
له‌ گۆڕه‌پانی چاوانم
باری کۆچاند
کۆچی باراند
هه‌ناسه‌م سواری سووری سوخمه‌ی گوڵه‌
زارم بزمارڕێژی
گل و ژان و ئێشی دڵه‌
سه‌رم شۆڕ و چاوم تۆڕ و دڵم بۆڕ و
ئه‌وین خه‌مین
عەباس ئاغائی – تیكابی هەوشار

behnam5555 07-23-2014 07:00 PM


مه‌ته‌رێزم
ئاواڵی چه‌ند خه‌شاب و فیشه‌کدانی به‌تاڵ
پڕ له‌ بارمته‌ی هه‌ناسه‌،
دزی هه‌موو ڕۆژێ بانگی مناره‌ی چه‌ند شه‌قام ئه‌ولاتر
سۆنگه‌ی پلارهاوێژی مناڵی ئه‌م ڕیزه‌ ماڵه‌
چه‌ند ته‌لیسی پڕ له‌ گڵ، حه‌سار و شانده‌ری هه‌رێمم
کۆنسولخانی بێده‌نگیم و [هه‌را] وڵاتی ده‌رێ
زارخۆشانی که‌لێن لاتاوی وتاری هۆ و هه‌رزه‌ کۆڵان گه‌ڕانه‌
حه‌ساوگه‌ی ڕه‌م و ڕه‌مکێشی تۆزوخۆڵی ئه‌م ڕێگه‌یه‌
ڕێسی قسه‌ و باسی ئه‌م ژنه‌ داوێن لارانه‌ش
گه‌رچی ڕیتکه‌ی دیمه‌نی شه‌ڕگه‌ی مێژووم
له‌ ناخما لێک نادرێ ترپه‌یه‌ک
جه‌یازی ماڵه‌که‌م یه‌ک - دوو نێو قه‌دی بێ‌که‌ڵک
سێ - چوار پۆتینی بێ‌واده‌
پێنج - شه‌ش ئاوڕگی شوانه‌کانی ئێواره‌ی لادێ/ ده‌سته‌دارێکە قامیشی و پلار و تیری گه‌مه‌ی مناڵان
په‌ڕاوێک په‌ڕی جیا و
هه‌زاران جێ پێی سێحه‌ب نه‌ناس
مه‌ته‌رێزم
شاعیرترین واده‌ نه‌ماوی ئه‌م دیاره‌
له‌ ناوه‌رۆکی حاجه‌تما
ناوی هاتۆ به‌ [دڵ]
ڕۆژه‌ بارانێکه‌ی ڕه‌وه‌کی خه‌ونتانم په‌نا دابوو له‌ شه‌وبوون
له‌ گه‌ڵ قوڕوچڵپاوی بوومه‌لێڵی خه‌ون و نه‌خه‌ونتان
چه‌سبی پێڵاوی ڕێبواڕێک بوو
پێی بڵێن بمداته‌وه‌
شه‌رته‌ ئیتر
بۆ گه‌رم‌کرنه‌وه‌ی هه‌نیسکی که‌س
نه‌یهێنمه‌ خوار له‌ تاقی خۆی
ئاره‌زوو ئه‌حمه‌دی ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 07:02 PM


پروشه‌ به‌فره‌كان له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا
-1-
كه‌ له‌دامێنی‌ سه‌ره‌تاوه‌،
كۆتاییه‌ك چاو دائه‌گرێ‌...
ئه‌وه‌ لقی‌ دره‌ختێكه‌،
كه‌ له‌گۆرانی‌ وتن ده‌كه‌وێ‌،
له‌ كلكی‌ ته‌ورێكا
به‌هێواشی‌ ڕۆحی‌ ده‌نوێ‌..!
-2-
له‌پایپی‌ پێكه‌نینێكا،
دووكه‌ڵی‌ گریانێك...
له‌دووكه‌ڵی‌ گریانێكا،
چڕبوونه‌وه‌ی‌ پرووشه‌ی‌ دڵی‌ شه‌وێك..
-3-
كه‌ ئاسمان پڕده‌بێ‌ له‌ڕه‌گی‌ قه‌فه‌س
مانگ شكات ده‌كا، له‌چڵی‌ دره‌خت،
چڵی‌ دره‌خت له‌ومه‌لانه‌ی‌، ده‌نگی‌ خۆیان ناشت،
له‌ترۆپكی‌ ترسنۆكییا..!!
-4-
كه‌ جگه‌ره‌ لاسای‌ شه‌و ده‌كاته‌وه‌،
له‌ كۆڵانه‌كانی‌ ئاسماندا،
تاریكی‌ ده‌چێنێ‌..
كه‌ تاریكی‌ باڵ‌ ده‌گرێ‌‌و
لاسایی‌ فڕین ده‌كاته‌وه‌
ته‌نها هاوڕێیه‌كی‌ هه‌یه‌،
ئه‌ویش شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌یه‌..!!
-5-
كه‌خۆر جۆلانه‌ هه‌ڵده‌خا،
بۆ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌،
ئه‌وه‌ پروشه‌ی‌ ئاوێزه‌یه‌كه‌ هه‌ڵه‌...
كه‌ په‌لكه‌ ڕه‌نگینه‌ ده‌بێته‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ حه‌وت ڕه‌نگ
له‌وێرا مناڵان،
به‌هاژه‌ی‌ قریوه‌یان
ئاوێزه‌ ڕاوده‌كه‌ن‌و،
له‌پێچی‌ ده‌قه‌یه‌كیشدا پشتوێنی‌ خۆر،
ده‌گاته‌ مه‌نزڵی‌ مه‌رگ...!!
-6-
زۆرجار تفه‌نگ خۆی‌ گه‌مژه‌ده‌كا...
ده‌یه‌وێ‌ له‌ناو باخێكدا،
شه‌تڵی‌ خۆی‌ بڕوێنێ‌،
كه‌ ده‌ڕوێ‌‌و ده‌بێته‌ گوڵێكی‌ ناچیزه‌
هیچ له‌ پروشه‌كانی‌ عیشق نازانێ‌
هه‌ر باڵنده‌یه‌ك كه‌ تێیده‌ڕوانێ‌،
له‌تێڕامانی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا
دڵۆپه‌ی‌ دڵی‌ ون ده‌كا..!!
-7-
كه‌ قامچیه‌ك ده‌بینم...
خه‌یاڵم ته‌رجه‌مه‌ی‌ ده‌كا:- ئه‌شێ‌ زنجیرێكی‌
ڕه‌شتاڵه‌بێ‌ له‌ده‌ستی‌ ئازادییا...
ئه‌شێ‌ تووله‌مارێكی‌ چڵكن بێ‌،
له‌هه‌ناوی‌ به‌ردێكا...
ئه‌شێ‌ لافاوێكی‌ قوڕاوی‌ بێ‌،
له‌مه‌ره‌كه‌بی‌ خاكێكدا... قامچی‌ هه‌ردێ‌‌وده‌چێ‌،
كه‌ ده‌كه‌وێ‌ به‌ده‌مدا، هه‌ڵسانه‌وه‌ی‌ نییه‌...
له‌یه‌خه‌ی‌ مه‌رگا پێچ ئه‌داو
له‌ناو تابووتی‌ ئازادییا ڕاده‌كشێ‌..!!
-8-
نان له‌ڕه‌چه‌ڵه‌كدا،
ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گوڵه‌ گه‌نم
ئه‌وه‌ حیكمه‌تی‌ خه‌یاڵه‌كانی‌ كێڵگه‌یه‌...
ته‌ناف ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سێبه‌ری‌ سێداره‌
له‌وێدا گه‌روی‌ ئازادی‌ هێڵنج ئه‌دا
ئه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی‌ وڵاتی‌ وه‌حشه‌ته‌...!!
-9-
ده‌ستی‌ سڵا‌و پڕه‌ له‌پرووشه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌
هه‌نگاوی‌ ماڵئاوا، له‌كوچه‌ی‌ دابڕان...
كه‌مه‌رگ ده‌فڕێ‌‌و ڕۆح ده‌با،
بۆ كۆشكه‌كانی‌ عه‌رشی‌ خوا
له‌فرمێسكه‌كانی‌ خواشه‌وه‌، بارینی‌ تریفه‌ی‌ ژیان...!
-10-
هه‌ڵۆ گه‌ر خه‌یاڵ‌ بكا،
هه‌ر به‌رز فڕینه‌
ماسی‌ هه‌ر خه‌ریكی‌ سواڵكردنی‌،
دڵۆپێك ئاویتره‌...
له‌ژێر سه‌رینی‌ گه‌ڵایه‌كیشا،
به‌دیل گرتنی‌ ورده‌ شه‌ماڵه‌
له‌ده‌فته‌ری‌ پاسارێكیشدا
چۆله‌كه‌ ئیملای‌ جریوه‌ ده‌كا....
منیش له‌مه‌زاری‌ خه‌یاڵا
ته‌نیاییم جووت ئه‌كه‌م،
له‌گه‌ڵ‌ شیعرا...!!
-11-
ڕازێك ڕاناكشێ‌ له‌ئاوێنه‌دا..
ته‌مه‌ن كه‌ چووه‌ باشووری‌ ئاوێنه‌وه‌
ئه‌وه‌ فرمێسكێكه‌ هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌كێشێ‌،
له‌سیه‌كانی‌ مه‌رگا ڕه‌شپۆشی‌،
له‌بیابانی‌ پرچی‌ منیشا،
تنۆك، تنۆك پروشه‌ی‌ سپی‌...!!
-12-
عیشق لێوی‌ گێلاسێكه‌،
تژی‌ له‌سوری‌
كه‌ چزوی‌ ماچ پێوه‌ی‌ ئه‌دا
هه‌ڵده‌فڕێ‌‌و هه‌ڵده‌وه‌رێ‌
له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا...!!
-13-
كه‌ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌ك ده‌بینێ‌ خۆر كۆچ ده‌كا
له‌داخا پێكێك له‌ئێواره‌ هه‌ڵئه‌دا‌و
له‌چاوی‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا مه‌ست ده‌بێ‌‌و
ده‌بورێته‌وه‌ له‌ ئه‌لفی‌ شه‌وێكدا...!!
-14-
كه‌ بولبول ئاسمانی‌ په‌رژین ده‌كرێ‌
هه‌رده‌م گوڵێك،
له‌كوچه‌ی‌ گوڵستانه‌وه‌،
له‌قه‌راخ له‌پی‌ زه‌مه‌نێكدا،
یه‌ك ده‌قیقه‌ له‌خۆشه‌ویستی‌‌و
هه‌زار ده‌قیقه‌ له‌ ئازادی‌
ده‌چێنێ‌ له‌خه‌ویا...!!
-15-
كه‌ ئاو پیر ده‌بێ‌
برژانگه‌كانی‌ پڕ ده‌بن له‌ئاویلكه‌
ئه‌وه‌ پرووشه‌ فڕینه‌كانی‌ پایزه‌،
باڵ‌ لێ‌ ده‌كاته‌وه‌‌و
له‌سه‌ر ده‌م ‌وچاوی‌ چه‌م ده‌نیشێ‌....!!


ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی ــ سلێمانی

behnam5555 07-23-2014 07:03 PM


بۆخۆت نێوێک بۆ ئه‌و شێعره‌ دانێ
سارد بۆوه‌ له‌شی پیاوێک
که‌ سه‌رکه‌وتووانه
سه‌رما لووراندی به‌ له‌شی شاردا.
لێره‌ دارستانیک به‌دی نایه‌
باڵنده‌یه‌ک نافڕێ
سه‌رناکه‌وێ هێمایه‌ک که‌ بمان سه‌لمێنێ.
رووه‌و وڵاتیک شۆڕش ده‌با،
کرمی بن به‌ردی چۆڵه‌وانیک.
ئه‌وین تێده‌گا
ئاواره‌یی له‌شی ساردی پیاوێکه‌،
شار، ده‌یسه‌لمێنێ.
رووه‌و وڵاتێک هێرش ده‌با
ویستی دڵی ئێوه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک نه‌گرێ.
تاریکی تێده‌گا
وێرانی، روانگه‌ی ئاڵۆزی ئێمه‌ بوو،
شه‌قام، ده‌ی به‌زێنێ.
رووه‌و وڵاتێک ده‌بزوێ
خیانه‌تێکی خۆشه‌ویست
له‌ باخه‌ڵمان دایه‌ و
بۆن به‌ له‌شمانه‌وه‌ ده‌کا
که‌ گه‌رم بێته‌وه‌ وێڕای ویستێک
پیاوێک تێده‌گا
که‌ سارد بۆوه‌ له‌شی
که‌ سه‌رکه‌وتووانه‌
سه‌رما لووراندی به‌ له‌شی شاردا.
ئه‌رسه‌لان چه‌ڵه‌بی ــ بۆکان


behnam5555 07-23-2014 07:06 PM

وێنه‌ی چه‌ند دیمه‌نێک
سیسرکه‌ ده‌خوێنێ
کاتژمێر له‌ تک تکایه‌
ژێر باڵی شه‌و
گۆڕه‌پانی کزه‌بایه‌
خه‌ڵکی گوند، بێ شه‌ون
تێکۆشان له‌ کۆڵن له‌ نوێنا
شوان دوای پشوویه‌ک
ران راده‌دا له‌ شه‌وێنا.
تیری تریفه‌ ده‌هاوێ مانگ
له‌ ده‌لاقه‌ی ئاسمانه‌وه‌
له‌ دوندی چیا تاپۆیه‌ک
له‌ ترسان خۆی ده‌خواته‌وه‌.
ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌وی تر
به‌ هێمنی چاو داده‌گرێ
له‌ ژێر پووش و پڵاشی باخ
ژیژکێ هه‌دا ده‌گرێ.
کوێره‌ رێگه‌ی بێ ریبوار
چاوه‌ڕوانی ڕیبوارێکه‌
خوڕه‌ی مه‌ندی کانیاوه‌کان
به‌ڵگه ‌له‌ تین و تاوێکه.
وه‌رزێڕی شه‌وه‌ ئاوی دارستانی
له‌ سه‌ره‌خۆ ده‌دێرێ
شه‌که‌ت و ماندوو جوتێرێ
بۆ کێشان جگه‌ره‌یه‌ک ده‌ردێنێ.
له‌ ژێر ئه‌گریجه‌ی ره‌شی شه‌و
دوو چاوی وێک نا ڕێبوارێ
خوێنی تێزا ناسک ده‌ستی و
دای له‌ زیڕه‌ مناڵێ.
چرایه‌ک کووژایه‌وه‌
له‌ تاریکیدا چرایه‌ک هه‌ڵکرا
هاوارێک کز بوو
له‌ بێده‌نگیدا هاوارێک هه‌ستا.
ئێسته‌ش لێره‌ من بیرم
لای ئه‌و ماڵه‌ی ئه‌و سه‌ری دێیه‌
که‌ له‌وێدا ته‌نیا رووگه‌ی
هونراوه‌ و دڵ و چاوی منی لێیه‌.
گوند ده‌ملاوێنێ
به‌ به‌سته‌ی ئێش و تێکۆشان
ئه‌وم له‌ بیردا ده‌سڕێ و
پێم داده‌دا خه‌ونی گران.
هه‌روه‌ها سیسرکه‌ ده‌خوێنێ
کاتژمێر له‌ تک تکایه‌
ژێر باڵی شه‌و
گۆڕه‌پانی کزه‌بایه‌.‌

حسِێن جه‌وانشێر سائین قه‌ڵا

behnam5555 07-23-2014 07:07 PM


شارێک له جنسی خوێن
له مه‌داری بێ شوێن‌ترین خڕۆکه‌ی جیهان
سێبه‌ر هه‌ڵئه‌خات
ڕۆچنه‌ی تاریکخانه‌کانی شه‌ڕ
نه جه‌للاد خه‌ونی سه‌رسه‌وزترین تووتییه‌ک ئه‌یبات
نه شار هرووژم و شه‌قه‌ی گولله‌یه‌ک بردبووی
گومانی سێبه‌ر نیازی وایه
به قه‌د هه‌موو نه‌درکاوه‌کانی جیهان
غه‌ریبیت ئه‌کا
وه شار له ئاسۆی نهێنی چرا
گڵۆپ گڵۆپ بووژایه‌وه
له مه‌ودای خوێن‌مژترین هه‌ست
سێبه‌ر "با" ئه‌یبا
هه‌واڵێک شۆڕ ئه‌بێته‌وه سه‌ر شه‌قام و
تۆش له تاپۆی خه‌باتا شه‌هید...
هه‌رمان وه‌تمانی ــ مه‌هاباد

behnam5555 07-23-2014 07:08 PM


وێنه‌یه‌کی بێ‌هاوتا

سێ هه‌زار دۆلار "بوورژوایه‌ک"تکا ده‌کا!
دووکه‌ڵی کارخانه‌ی وڵاتێک،
کرێکارێک گه‌شاندییه‌وه‌.
سێ دۆلار "کرێکارێک" تکا ده‌کا!
دووکه‌ڵی مه‌نجه‌ڵی ماڵێک،
بوورژوایه‌ک کووژاندییه‌وه‌.

ئه‌رسه‌لان چه‌ڵه‌بی ــ بۆکان

behnam5555 07-23-2014 07:09 PM


من و چه‌پکێک له‌ بۆی حه‌زره‌تت
شه‌و به‌ فیراقێکی زامداره‌وه‌ ئه‌تلێین،
تا ته‌ریکه‌ سه‌لامی کۆترێکی‌تر
چه‌ن چرکه‌یشه‌ تێپه‌ڕیوه‌...!
ئه‌وه‌ تانێ...!
تا چاو بڕکا کولوو کولوو په‌ڕ ئه‌بارێ و
تۆ چه‌مه‌ڕاو
هه‌رگیز له‌ به‌ڵام تێناگه‌ی...
به‌ڵام ئاخر سێوه‌کانت له‌ به‌ر وه‌سوه‌سه‌یێک کرمان!
ئیتر له‌ نه‌خشینی سجده‌مێک دوان
له‌ گۆڕستانی کفرترین پیرۆزی ئاواتی باڵنده‌
بێژی و نه‌یێژی قه‌فه‌زه‌...!
من به‌م بوومه‌لێڵه‌ ئاشنام کزه‌ی جه‌رگم...
تۆ له‌ ده‌لاقه‌وه‌ مه‌رگ،
من له‌ ئاسمانه‌وه‌ باڵسووکییەکی مه‌حاڵ،
تۆ سییه‌کانت تاهه‌تایه‌ شاخێ نامژن
من باڵه‌کانم بۆ ئێواره‌ نامکۆترێنن...
تۆ ئاسمانت شه‌واڵووه‌،
ئیتر شێعری سپی له‌ چی؟
من به‌ خاچی ڕه‌شێکیکلاسیکه‌وه‌ ئه‌مه‌سیحێم...
ئاممان نه‌که‌ی ده‌س له‌ هاوساری خه‌یاڵم بته‌کێنی
ئاممان ئاسمانی که‌لله‌م نه‌که‌ی به‌ گوانتانانانانای هزر و قه‌ڵه‌م بریا...
تۆ ئاسمانت شه‌واڵووه‌و
من...
له‌ سه‌ر دارجۆلانه‌ی ئه‌وین
ئه‌م به‌ساڵاچووه‌ ڕائه‌ژه‌نم،
تۆ ئاسمانت...من
تا خه‌وه‌ نووچکه‌ی به‌ری به‌یان شلی نه‌کا
چاو لێک نانێم
ئیتر ئه‌رێ کزه‌ی جه‌رگم
من له‌و دیوی حه‌ژمه‌تی ڕوخسارێکی شپرزه‌وه‌
خۆم له‌ بێشکه‌ی چاوه‌کانتا ڕائه‌ژه‌نم...
چ ئێوارێکه‌ ئه‌زانی...؟
ئاڕمان که‌ریمی ــ سه‌قز

behnam5555 07-23-2014 07:11 PM

بۆ ئه‌وراز

گاشربرووم
بوووکی جوان و باڵابه‌رزی هیمالیا
قاره‌مانی زۆربه‌ی بنچینه‌ و میله‌تان پێیان
له‌سه‌ر لووتکه‌ی به‌رزی تۆ دانابوو
شه‌رمه‌ بۆ تۆ
که‌وا توانای راگرتن و هه‌ڵگرتنی هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕت نه‌بوو
ئه‌ی دایکه‌ مێهره‌بانه‌که‌
هه‌رگیز بڕوام به‌وه‌ نه‌بوو رۆژێ ببیه‌ باوه‌ژنمان
هه‌ورازی کورد
په‌نای بۆ لای تۆ هێنابوو
تا دوور له‌ ده‌ستی ناحه‌زی زۆرداره‌کان
له‌ سه‌ر لووتکه‌ به‌فرینه‌که‌ت ئوقره‌ بگرێ و
هه‌موو جیهان بانگهێشت بکا بۆ ئازادی
جووڵایته‌وه‌ و وا راپه‌ڕیت
راپه‌ڕینت رۆڵه‌ی راپه‌ڕیوی کوردی
سپارده‌ ده‌ستی هه‌ره‌سی بێ هاوماڵت
بێ ئه‌وه‌ی دوای کاره‌ساتی دڵته‌زێنت
گوێت له‌ قه‌ندیلی لێو به‌بار
له‌ نه‌که‌رۆز و له‌ شاهۆ
له‌ چلچه‌مه‌ و داڵاهۆ بێت
که‌ سه‌ره‌خۆشییان له‌ ته‌ره‌غه‌ی ره‌شپۆش ئه‌کرد

سامان مه‌نسووری ــ دیوانده‌ڕڕه

behnam5555 07-23-2014 07:12 PM


دێرتر له دێر
بەختەوەرترین مردووەکانی ئەم جیهانه بێ‌دەرەتانه
به میچی ئاسمانی ئەم شارەوه هەڵواسراون
پێکەنینه ڕەنگ هەڵپڕووکاوەکانیش
له گیرفانی ژنێک‌دا قۆتماخەی بەستووه و
خۆڵەمێشی ئەسپەنەر سووتاوەکانی ڕۆژەکانی هەینی و
خەفەته تۆزاوییەکانی داوێنی کراسەكەی
تابڵوکانی شاری داپۆشاوه
له هەموو دێره بێ‌نەهایەت خەت‌ خەتیتەکانەوه
له بێ‌نەهایەتی چاوەکانتەوه
بێ‌نەهایەت حەز له خەڵوەتی پەنجیرەکان‌دا نووستون
چەنێ دێرتر له دێر ئەم هاتنه
ویستنمان کەر بووه
ئەو بەرماڵانەی وا
چۆلەکەکان لە سەری نوێژیان ئەخوێند
ڕوحیان نەماوه
لاشەی شەقامه لاڵەکان له هەموومان عاشق‌ترن
چەنێ پیادەڕەوی بێ‌پیاده و
چەنێ پیادەی بێ‌پیادەڕەو قژەکانم ئاڵۆز و ڕوحم بێزار
لەم هەموو هاتن‌وچوونانەی
لەچکه ڕەشەکانی پەژاره لەسەر
هەموو تاقەته بێ‌تاقەتیەکانم لا ئەبم و
ئەیفرۆشم به تۆفانی چاوەکانی با
هەر ئەڕۆم و سێبەرەکەم له خۆم درێژتر ئەبێ
ئاخرین بزەی مەرگیش
بەزەیی بەم تابۆته بێ‌مردووەی لەشم ناکا
پێڵاوەکانیشم کەوتنه هەناسەبڕكێ
لەم ڕۆیشتنەدا چرکەی سەعاتەکەم
گرێ ئەدەم
به تریفەی مانگەوه
با شاره بێ‌چراکانی ئەم ئاسمانه
له خەڵوەتی پەنجەره درۆزنەکان‌دا
دەرکەون.
لەیلا وەزیری ــ سنه

behnam5555 10-01-2014 01:03 PM


به ش..

گه ر سیویک بوو....
گه ر سیویک بوو....
گه ر سیویک بوو، له تی ده که م
له تیک بو خوم، له تیک بو تو،
بزه یه ک بوو، له تی ده که م
له تیک بو خوم، له تیک بو تو
خه فه تیک بوو،به شت ناده م،
هه لیده مژم وه ک دوا په تو!

-عه بدو للا په شیو-

behnam5555 10-01-2014 01:05 PM


گه ر خه فه تیک بو به شم ناده ی؟؟؟
که چی؟؟من بی تو له شایی بم؟؟
ئازیزه که م..گوی بگره:
شایی بی تو,
شینه
خه فه ته...
ئازاره..
گیانه که م ..
ئه م جاره یان با من ژیان له ت که م;
شایی بو تو...
خه فه ت بو من..
که تو شاد بی..
له دلی من
خه فه ت وشه ییکی بی مه عنایه...
(بهار)

behnam5555 10-01-2014 01:06 PM


واران
سه وزی گه لا و...
نم نمی واران...
بونی ته ری خاک...
زیوینی عاشق!!
هه نگاوی ماندوم..
ریگای نه رویشتوم...
ریبندانا دل!
ئه ی داد و بی داد..
له چه رخی زه مان!!!
دوینی" به بی تو...
إمرو..... تو بی" من!
أی گیانی گیانم
چاوانی ئازیز...
روژگار ...
دادی بی داد بوو!
به ینی من و تو ...دیواری ساز بو!
هاوارم سازا..
سوتانم کارا...
په ی تماشای بالات...
چه مانم ماتا...

behnam5555 10-01-2014 01:08 PM

گولی سور
نیشتمانه که م..!
ئه ی خاکی پر سوزی مندالیم
ئه ی دایکی هه مو لاوانی نیشتمانم
ئه لین سبه ینی روژی ریز گرتن له وشه یکه به ناوی ژن!
کوردستانه جوانه که م...
ئه لین سبه ینی بابم به سوره گولیک به رو مال دیت...
بانگی دایکم ئه کات...له باوه شی ده گریت
..وشه ی خو شه ویستی له سه ر زبانی دی...
چاوانی پر له ئازاری ماچ ده کا...
چه خیالیکی جوان...
ئه ی کوردستان....؟!
ئه لین سبه ینی بابم ریز له دایکم ئه گریت...
ده س دریژی له سه ر ناکات..
راسته؟؟یان له خه و ئه ژیم؟؟
ئه م مروفه ئه لین سبه ینی ....
هیچ براده ریک خوشکی به ئاگر سپارده ی خاک و خول ناکات...
راسته ؟؟؟

behnam5555 10-01-2014 01:13 PM


ده نگی ژیان

تو بارانی و من ئاگرین کیژی ئه م وه لاته م
ئه م سوتانه م ...مه رهه می تو...
بو نه بونت هه ر سات ئه روخیمو...که ده نگت دی ...
زه رده خه نه له سه ر لیویم دیاری ئه دا...
به یادیشت ..دلم ئاهه نگی شایی "له گه ل تو بون" سه ر ئه دا
و...
دیسانه وه...
دیسانه وه ئه م روحه روخاوه م له سه ر پی ده وه ستی ....گیان ئه گری!!
ده نگی ژیان لی ئه باری...
ها وار ئه کا...
که تا تو هه یت منیش ئه ژیم..
بو تو و به یادی تو!

behnam5555 10-01-2014 01:20 PM


خاکی کووچه ی یاره که م ئیکسیری ساغی و ژینمه
جوانی روخسار وو نگاری هیزی ئه ژنو وو تینمه

بو چی به م ده رده م ئه با خو خوی ده زانی حاله که م
بو قژی ئالووز وو لوولی دایمه هه ر شینمه

گه ر به بی تو بچمه سه یری سه روی باخ وو شوره بی
تف له سه رو وو شوره بی بی تو له هه ر دوو قینمه

هه ر وه کوو پووش وو په لاش که وتوم له کووچه ی یاردا
گیژه لووکه ش نام فرینی چوونکه که عبه ی دینمه

خه لک ئه لین کوفره مه که به م ته ر حه مه دحی یاری خوت
گوی گرانی خوشه ویست من یاره که م ئایینمه

کی خه یالم بیته دی یاران بلیم ئوخی منم
وا که قولی یاری خوم شه و له ژیر بالینمه

behnam5555 10-01-2014 01:20 PM


له‌ خه‌یاڵم غه‌زه‌لی تازه‌ ئه‌زێ
که‌ نیگات ئه‌خشێ له‌چاوم به‌ حه‌زێ
من به‌ڕاسی به‌ به‌هه‌شتا ئه‌گه‌ڕێم
تۆ به‌وه‌ڵڵا هه‌گه‌ کردت له‌قه‌زێ
به‌وهه‌موو شه‌رمه‌وه‌ چۆن مۆڵه‌توودام
یانی رۆح نه‌بوه‌ له‌سه‌ردا ره‌گه‌زێ؟
تۆ نه‌بێ شه‌رته‌ که‌ زاری غه‌زه‌لم
دڵی چی کیژه‌ له‌عاله‌م بگه‌زێ
من نه‌بم کێیه‌ له‌به‌ر سه‌ردیی ئه‌تۆ
هه‌موو ئه‌ندامی خه‌یاڵی نه‌ته‌زێ
خوا ئه‌کا تۆ به‌نیگات به‌ندم ئه‌که‌ی
کۆشکی ئاواتمه‌ گۆشه‌ی قه‌فه‌زێ
سووچی کامتانه‌ ، ئه‌تۆ یاکوو ده‌مان
کام پتر راده‌برن لێم به‌له‌زێ؟
گۆچ به‌عه‌شقێ ئه‌به‌دی بوو غه‌زه‌لم
کوانێ خاڵی ده‌بێ سینگی له‌ نه‌زێ...

behnam5555 10-01-2014 01:23 PM


من و چه‌پکێک له‌ بۆی حه‌زره‌تت
شه‌و به‌ فیراقێکی زامداره‌وه‌ ئه‌تلێین...
تا ته‌ریکه‌سه‌لامی کۆترێکی تر
چه‌ن چرکه‌یشه‌ تێپه‌ڕیوه‌...
ئه‌وه‌تانێ تا چاو بڕکات کولوو،کولوو په‌ڕ ئه‌بارێ و
تۆ چه‌مه‌ڕا و
هه‌رگیز له‌ به‌ڵام تێ ناگه‌ی؛
به‌ڵام ئاخر سێوه‌که‌ت له‌به‌ر وه‌سوه‌سه‌یێک کرما،
ئیتر له‌ نه‌خشینی سبحده‌مێک دوان
له‌ گۆڕستانی کفرترین پیرۆزی ئاواتی باڵنده‌
بێژی و نه‌یێژی قه‌فه‌زه‌!
من به‌م بوومه‌ لێڵه‌ ئاشنام کزه‌ی جه‌رگم...
تۆ له‌ ده‌لاقه‌وه‌ مه‌رگ،
من له‌ ئاسمانه‌وه‌ باڵسووکی یێکی مه‌حاڵ...
تۆ سییه‌کانت تا هه‌تایه‌ شاخێ نامژن،
من باڵه‌کانم بۆ ئێواره‌ نامکۆترێنن...
تۆ ئاسمانت شه‌واڵووه‌،
ئیتر شێعری سپی له‌ چی؟
من به‌ خاچی ره‌شێکی کلاسیکه‌وه‌ ئه‌مه‌سیحێم،
ئامان نه‌که‌ی ده‌س له‌ خه‌یاڵم بته‌کێنی!
ئامان ئاسمانی که‌له‌م نه‌که‌ی به‌ گوانتانانانانای هزر و قه‌ڵه‌م بریا و...
تۆ ئاسمانت شه‌واڵووه‌ و
من له‌سه‌ر دار جۆلانه‌ی ئه‌وین
ئه‌م به‌ساڵاچووه‌ رائه‌ژه‌نم...
تۆ ئاسمانت و...من
تا خه‌وه‌نووچکه‌ی به‌ری به‌یان شلی نه‌کات چاو لێک نانێم...
ئیتر ئه‌رێ کزه‌ی جه‌رگم
من له‌ودیوی حه‌ژمه‌تی روخسارێکی شپرزه‌وه‌
خۆم له‌ بێشکه‌ی چاوه‌کانتا رائه‌ژه‌نم،
چ ئێواره‌یێکه‌ ئه‌زانی...؟

behnam5555 10-01-2014 01:24 PM


ژیانی پڕگوڵت هێنا به‌خێرێی
بزه‌ت له‌ شوێنی ئاهێ نا ، به‌خێرێی
ته‌نێ تۆی له‌م دڵه‌مدا بێ ببینه‌
که‌ هه‌نگاوت به‌ره‌وکوێ نا،به‌خێرێی
له‌ ئه‌م چاخی درۆ وفێڵ وجه‌فایه‌
وه‌فای خۆتت به‌جێ هێنا ، به‌خێرێی
به‌هه‌شتێ بوو،که‌سی تێدانه‌بوو دڵ
په‌ری‌ پاتت له‌ئه‌و جێ نا ، به‌خێرێی
چه‌نێ شێعراوی ئه‌و بار وبنه‌ی خۆت‌
رووه‌وماڵم له‌کۆڵێ نا ، به‌خێرێی
که‌سم،شیرین بزه‌ ودڵداری پاکم
به‌ره‌وڕووی ژین ده‌ست بێنا ، به‌خێرێی
به‌ڵێ ئه‌ی شۆخی شه‌رمن ، نازه‌نینم
" ژیانی پڕگوڵت هێنا ، به‌خێرێی... "

behnam5555 10-01-2014 01:25 PM


شێعری کاروان شه‌یبانی

(پروانی ئاخێ له‌ چارداخی به‌ر بناری کۆسه‌وه‌)
له‌ ئامێزت گرم به‌ڵێ گه‌رم
ئه‌ی نازه‌نین که‌ به‌ کوێستانی ‌ باسته‌وه‌ ئه‌گرسێم
کامه‌ ڕێگه‌یه‌ له‌ تۆ دا ته‌واو ده‌بێ؟
له‌ قووڵای چوارلۆی کام هه‌رێما بتنووسم؟
شایلۆغانی ئه‌م ئێواره‌
به‌ ئاسۆی بوولێڵێکه‌وه‌ با هه‌ر بچێ...تاریک
له‌م کاروانه‌ نوقم هه‌تا – دوورترین ئه‌سرینێ ئاڵ له‌ خۆزگه‌!
تا باسم که‌ی به‌ گوم بوونا قووڵتر ئه‌مپێوێ ئه‌م چیرۆکه‌ تا ڕسته‌یێکی په‌مه‌یی بچڕاو
کاڵێ!
کۆتر مه‌گه‌ر تاوانی کام ده‌لاقه‌ له‌ کولێنه‌وه‌ تووڕ ئه‌دا؟...تا جێمانی جه‌سته‌یێ
ئه‌م هه‌واره‌ به‌ چوارلۆی بێ‌ڕه‌حمی‌دا/تووناوتوونتر/ له‌ هه‌میشه‌ی دڕکه‌زارێ و من
هۆ زامه‌ بێ‌ئه‌نواکه‌ی دڵداری نا داری دڵ!
تا چوارقوڕنه‌ی ئه‌م هه‌واره‌ هه‌ر منم و تا بخنکێ ژانێ لێره‌ و.... .شێوازێ‌تر له‌ چرت باڵا بکا
کۆتایی جوانی وه‌رزێک و سێڵاوی کاتێکم ئه‌ز...
چۆنه‌ له‌ سه‌ده‌کانی ناوینه‌وه‌ تا ئه‌نتیکی ئوستووره‌یێ هه‌ر ڕۆ ئه‌چم و ڕۆڕۆمه‌
مه‌گه‌ر کام ده‌لاقه‌ به‌ هه‌پروونی ئه‌م زامه‌وه‌ ئاوه‌ڵایه‌
مه‌گه‌ر کام سێبه‌ر له‌ چواررێیانی ئه‌م ته‌مه‌دا وه‌ستاوه‌ به‌ چۆخه‌وه‌
بڵێ کامه‌ سپییه‌ به‌ غوباری ئه‌م نه‌مانه‌وه‌ ڕاماوه‌
هۆ ئاواڵه‌ برینه‌ سۆزانه‌که‌م
نالی ئاسا به‌ غه‌زه‌لدا بڕژێم
بۆت:
(ئه‌ی هه‌ناری پڕ له‌ ناری تاسه‌مه‌ندی کۆشه‌که‌م
گه‌ر نه‌پرسی چه‌ن بڵێسه‌م کاسه‌ بیری تۆش ئه‌که‌م)
له‌م باسه‌ وس!
تۆ له‌ چارداخی به‌ربناری کۆسه‌وه‌ ئاخ ئه‌پروێنی
تۆ له‌ هه‌وێنی ئه‌م به‌رامه‌ دا جه‌ڕدراوی جاڕه‌گوڵێکی پڕ له‌ درۆ
ئێژم با شه‌واره‌ی ئه‌م زامه‌ له‌ منا هه‌ر کۆکه‌ی بێ ...خانزاد!
له‌ تاوه‌گۆزه‌وه‌ مه‌گه‌ر بای زریان تووڕم داته‌ شیوه‌ردی گه‌زۆی ناوته‌وه‌
جا بۆت
ئه‌ڵه‌م:
(پاسه‌ مه‌یلمه‌ن یا زامی ئێوه‌ن
ئه‌م شه‌رمه‌ مه‌یلی دڵداری پێوه‌ن)
بێت و تا زه‌رده‌په‌ڕی بته‌کان له‌ نیچه‌دا
زه‌ڕده‌شتێ هه‌ر بڵێسه‌ داگرسێنێ و له‌ ئیلهامه‌وه‌ خودایێ ئه‌ڕووخێ؟
ڕابێم تا ئه‌م موغاره‌و ...شۆرێ له‌ به‌رد به‌رده‌وام تا ده‌نگی ئه‌م قوڵینگه‌ی فه‌رهاد به‌ چوار په‌لی زه‌مانه‌وه‌ مانه‌و مانه‌وه‌ وه‌ ه‌ ه‌ ه‌ ه‌ ....

behnam5555 10-01-2014 01:26 PM


له‌ کۆشی باخه‌وانه‌وه‌ خزیته‌‌‌ به‌ژنی کاڵه‌‌به‌ی
کلیلی بێ‌خه‌می هه‌تا له‌ ده‌رکی ئاه و ناڵه‌ به‌ی

بچیته‌ چینه‌ی ئه‌و چه‌مه‌ی له‌ لا هه‌نار و قۆخه‌وه‌
به‌ ده‌م ڕنینه‌وه‌ش گسک له‌ ئه‌م ژیانه‌ تاڵه‌ به‌ی

هه‌ناسه‌ی ئه‌ر شنێ به‌ ده‌م شه‌واری پڕ له‌ چێژه‌وه‌
له‌ کانی لێوی پڕبزه‌ی به‌ خه‌نده‌ دوڕڕ و لاڵ ئه‌به‌ی

بئاڵی ئه‌ر له‌ ئاڵی کوڵمی پڕ له‌ خاڵی هه‌ر ده‌ڵه‌ن
چه‌پک چه‌پک له‌ باخی ڕوو هه‌واڵی ورده‌خاڵ ئه‌به‌ی

گڕووگرێکه‌ ئه‌و دڵه‌م گڕی له‌ حه‌زگه‌ گرتوه‌
مه‌گه‌ر له‌ گه‌ردنت شه‌وێ به‌شێکی ئه‌و مناڵه‌ به‌ی

چپا به‌ لێوما چپه‌ت له‌ فێنکی چما دڵم
له‌ چلچه‌مه‌ی ئه‌وین هه‌تا هه‌واری چه‌مچه‌ماڵ ئه‌به‌ی

ئه‌گه‌ر که‌ "هۆگر"ێکه‌ دڵ گه‌ڕانی پیشه‌ کردووه‌
به‌ره‌وگه‌ڕانی ئه‌م گه‌ڕۆکه‌ بێ‌فه‌ڕه‌ی گه‌ڕاڵه‌ به‌ی

ئازاد سەید ئیبراهیمی_ سه‌قز


behnam5555 10-01-2014 01:28 PM


ئه‌ مڕۆ کاتژمێر چه‌ند بێم بۆ لات!
سه‌ره‌تا ...با ڕسته‌یه‌ک بڵیم!
له‌ ڕاستیدا
جار وا هه‌یه‌ هێنده‌ هۆگری ژیانم
ته‌نانه‌ت به‌ردیش ماچ ده‌که‌م
هه‌روه‌ها وشه‌
کتێب
ئینسان ....!
خه‌ریکه‌ شێت ده‌بم له‌ سرووشدا
ئاره‌زووی سرووش له‌ هه‌رشتێکدا هه‌یه‌و
له‌ هه‌رشتێکدا نیه‌و
له‌ هه‌رشتێک هه‌رشتێک
هه‌رشتێک ...!
به‌رده‌وام بیر ده‌که‌مه‌وه‌
به‌ تایبه‌ت له‌ تۆ بیر ده‌که‌مه‌وه‌
هێنده‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌
له‌ بیرم ئه‌ چێ له‌ چی بیر ده‌که‌مه‌وه‌
له‌ تۆ بیر ده‌که‌مه‌وه‌
وه‌ک ئیماندارێک له‌ ئیمانی با و له‌ جه‌بری دره‌ختی بی
له‌ تۆ بیر ده‌که‌مه‌وه‌
وه‌ک رێبوار له‌ ڕێگا
وه‌ک گیا له‌ هه‌ور
سیدعلی صالحی-وه‌رگێڕ:ئیبراهیم شه‌وقی

behnam5555 10-01-2014 01:30 PM

حافزی شیرازی



دڵ وه‌کوو جاران له‌ ماچی لێوی ناکامێکه‌ هه‌ر
هه‌ر به‌ عه‌شقی له‌علی تۆ ده‌ستی له‌ مل جامێکه‌ هه‌ر



هه‌ر هه‌وه‌ڵ ڕۆژم له‌ ده‌س دا دین له‌ سه‌ر زولفی ڕه‌شت
تا بزانن دڵ له‌ دووی سه‌رفی سه‌ره‌نجامێکه‌ هه‌ر



ساقیا بۆم تێکه‌ جامێ ئاگرین چونکوو له‌ نێو
عاشقانی پوختی هێما سه‌ر گڵی خامێکه‌ هه‌ر


له‌و خه‌تا کردم چواندم زولفی وه‌ک موشکی خوته‌ن
چه‌شنی خه‌نجه‌ر موو له‌ هه‌ر‌ شوێن و سه‌رئه‌ندامێکه‌ هه‌ر


خۆر له‌ ڕۆژێکۆ له‌ خه‌ڵوه‌م‌دا گزنگی ڕووتی دی
هه‌ر وه‌کوو سێبه‌ر له‌ ده‌ورت عاشقی جامێکه‌ هه‌ر



لێوی گیانان نێومی ڕۆژێ کوتوپڕ بردوه‌
ئه‌هلی دڵ ئێسته‌ش مه‌سی بۆی گیان ،له‌ کۆی نامێکه‌ هه‌ر



له‌علی مه‌یگێڕت ئه‌زه‌ل جامێکی خه‌ستی دا به‌ هه‌ست
تا ئه‌به‌د سه‌رخۆش و مه‌ستی جامی گوڵ‌فامێکه‌ هه‌ر


بێ‌خه‌به‌ر ئێژێ هه‌تا گیانت نه‌ده‌ی ئاسووده‌ نیت
بێ‌خه‌به‌ر! گیانی(گوڵ ئه‌ندام)ـم به‌ (بارام)ـێکه‌ هه‌ر



شه‌رحی شیرینی ده‌می تۆی داوه‌ "حافز" گیانه‌که‌م
ئاوی ژین په‌وکێ له‌ تۆی خامه‌ی شه‌که‌رکامێکه‌ هه‌ر



باسی شه‌وگاری درێژی زولفی تۆم کردون که‌ وا
چه‌شنی "کۆلیل"ـت گوڵۆڵه‌ی زوڵمه‌تی شامێکه‌ هه‌ر



وه‌رگێڕانی مامۆستا عومه‌ر ساڵحی ساحێب(کۆلیل)

behnam5555 10-01-2014 01:36 PM



بنواڕه‌ به‌ لێواری شه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
داواره‌ به‌ مل زیخ و چه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا تاقه‌تی هاواری چیا سه‌ربکه‌وه‌
هه‌ڵنیشه‌ به‌ پژ به‌رز و نه‌وی ئه‌و سه‌ده‌‌دا
نه‌سره‌وتنی ئه‌و پێله‌ بئاڵێنه‌ له‌ خۆ
هه‌ڵتۆزه‌ به‌ بێ‌وازی خه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا نووکی زه‌لان تا ته‌وه‌ره‌ی هاژه‌ بڕۆ
که‌م خول به‌ به‌ بن جه‌غز و گه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
حه‌یرانێ به‌ خه‌مگه‌ی ته‌ژی ئێواره‌ چڕه‌
هه‌ڵبێژه‌ به‌ تۆرانی وه‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
تا ماتی چلووره‌ و هه‌ره‌سی که‌ژ بفڕه‌
هه‌ڵتۆفه‌ به‌ بۆرانی که‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
سووتانه‌ گڕی قه‌فقه‌فی بارووته‌ به‌ بیر
پڕژێنه‌ پرووشێ به‌ ته‌وی ئه‌و سه‌ده‌دا
غه‌زه‌لی نوێ،ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی-سه‌قز

behnam5555 10-01-2014 01:37 PM


زنجی پێکه‌نین

سه‌رنجم خسته‌ له‌نجی پێ كه‌نینت
چه‌مێكه‌و خوڒ له‌ گه‌نجی پێ كه‌نینت

چه‌نێ گێژیم ڒژاوو لێژیم قڵم بوو
له‌ جه‌زرو مه‌ددی له‌نجی پێ كه‌نینت

حوزورم كاس و په‌نهانم له‌ خۆما
موتوربه‌ی ده‌م له‌ بنجی پێ كه‌نینت

به‌ به‌سته‌ی ئاهه‌وه‌ خوساوه‌ سینه‌م
له‌ ژێر ئاوه‌نگی زنجی پێ كه‌نینت

درۆیه‌ ده‌م ده‌راوێكه‌ و بناری
چه‌قینێكه‌ له‌ زه‌نجی پێ كه‌نینت

هه‌وارێكیش زه‌مه‌ن ناگاته‌ چاوت
به‌سه‌ حه‌جمێم له‌ زنجی پێ كه‌نینت


شێعری کامیل شه‌ریف پوور


behnam5555 10-01-2014 01:38 PM


ئاگرستانی ده‌روون

بنووسم با به‌ ته‌نیاییمه‌وه‌ تاوێ له‌ من قاته‌
وه‌رینی باوه‌ڕی ڕۆژه‌ گه‌ڵاڕێزانی ئاواته‌

له‌ به‌ر بێ‌نازی ئه‌م شاره‌ ده‌س‌هه‌ڵپێکێکی تاراوم
له‌ تاراجی بزه‌ی لێوێ خه‌مێ وێڵی خه‌راباته‌

ئه‌وینداری له‌ لێڵایی کڕێوه‌ی قاتی وه‌یلانه‌
ڕه‌قه‌ڵهاتی شه‌قه‌ی ماچ و که‌نینه‌ سه‌رکز و ماته

له‌ به‌ر بۆرانی ئه‌م وه‌رزه ته‌زیوه‌ زه‌وقی بێدارم
له‌ پێده‌شتی زه‌مانا بۆچی فه‌وتانی مه‌ت‌ ئاواته

سه‌رهه‌ڵبێنم له‌ گریانی زوڵاڵێ با به‌ یه‌کجاری
له‌ پا خا کاخی وه‌یشوومی سته‌م ئه‌سرینی ئه‌وڕاته‌

ئه‌دی هه‌ڵنایه‌ ئاواتێ،کچی به‌ختم گرێ‌به‌سته‌
له‌ ماته‌مزاری ئه‌م چاخه‌ ته‌مایه‌ر سێحر و تاماته

ده‌روونم ئاگرستانێکی گڕداری له‌ مێژینه‌
بڵێسه‌ی تا خوداوه‌نده‌ ئه‌گه‌ر مه‌یلی ته‌ماشاته‌‌‌

غه‌زه‌لی نوێ،ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی-سه‌قز

behnam5555 10-01-2014 01:39 PM


غه‌زه‌لی نوێ-عه‌لی حسه‌ینی

چه‌مه‌ڕا چاومه‌ بۆ چاوی که‌سێ
تاقه‌تم شێته‌ به‌ چاوێ ئه‌حه‌سێ

من دبێژم چه‌ بییه‌ تووڕه‌ چه‌می
به‌ په‌له‌ چاوی ئه‌وینێ ئه‌به‌سێ

گه‌ر ببارێ و بگرێ بانی حه‌زم
بێ ئه‌وه‌ی چاوێ بکا لێم ئه‌به‌سێ

وه‌ی که‌ له‌و به‌فری نیگا جاڕزم و
دڵه‌ خورپێمه‌ که‌ بێنێ هه‌ره‌سێ

ئاگری من هه‌موو لا‌یێ مه‌گرۆ
ئه‌گه‌ تیشکێ له‌ دڵی ئه‌و بڕه‌سێ

من ئه‌ماڵم به‌ مژۆڵ ئه‌م فه‌له‌که
تاقه جارێ له‌ گه‌ڵی ده‌م نه‌فه‌سێ

behnam5555 10-01-2014 01:40 PM


غه‌زه‌لی نوێ، ئازاد سه‌یدئیبراهیمی-سه‌قز
با به‌س بێ...
با به‌س بێ بزه‌ی بێ‌خه‌می له‌و‌جۆره‌ به‌سه‌
دڵ پڕ له‌ برین و خه‌م و ناسۆره‌ به‌سه

هه‌ڵنیشه‌ له‌ لێواری له‌شم زه‌رده‌په‌ڕێ
با لۆمه‌ نه‌مێنێ له‌ق و ناتۆره‌ به‌سه

بێنا گوڵی ماچێک له‌ لێوت بکه‌نم
له‌و چۆمی نیگاهه‌ت ئه‌دی مه‌مشۆره‌ به‌سه

به‌و ژانه‌ له‌ قووڵایی برینم ون ئه‌بم
که‌م جه‌ڕ بده‌ زاڵم مه‌که‌ ئه‌م زۆره‌ به‌سه

بازاڕی نیه‌ فێڵ و فه‌ره‌ز داده‌ بڕۆ
ئازاری منی بێخودی مه‌یخۆره‌ به‌سه

ئه‌و ڕایه‌ڵی سازه‌ت بچڕێت و نه‌چڕی
گۆرانیێ موتریب غه‌زه‌ڵ و لۆره‌ به‌سه

قۆڵبه‌سته‌ دڵی من به‌ چه‌کی تیلی چه‌مت‌‌
به‌و هێزی بزه‌ت دی مه‌ده‌ ئاپۆره‌ به‌سه‌

که‌م لا بده‌ په‌رده‌ مه‌ده‌ جاڕ ئاهی ئه‌وین
ده‌رخستنی ئه‌سرارێ که‌ سه‌رمۆره به‌سه

behnam5555 10-01-2014 01:42 PM


دوور له‌ هه‌ره‌سی شه‌قام

که‌ به‌رائه‌تی کازیوه‌
گه‌ڵا گه‌ڵا
هه‌ڵم ده‌نێ به‌ره‌و نزار
ده‌رفه‌تێکی ره‌نگاوره‌نگم
خۆم ئه‌سپێرمه‌ شای وه‌رزه‌کان،ئه‌م حه‌زره‌تی پاییزه‌ و
ئه‌ڕژێمه‌ ناو دره‌خت و خاک و تووله‌ڕێ
دوور له‌ هه‌ره‌سی شه‌قام و
له‌ ده‌سپێکی دووهه‌می شه‌و
ئه‌و کاته‌ی وا
گه‌ڕه‌ک نوقمی شه‌واره‌یه‌ و
کۆڵان ئه‌ڕمێته‌ ناو هه‌ده‌ر.
جێی خۆیه‌تی منی وشه‌
داکه‌مه‌ سه‌ر ڕوومه‌تی سپیی لاپه‌ڕه‌ و
وه‌ی خزمینه‌:
له‌ ته‌متوومانی چارشێوا
گوناه غه‌رقی نزووله‌یه‌ و
به‌رد دێته‌ زمان
له‌ هه‌زار و چه‌نده‌مین
گلاراوی شه‌هوه‌تا
درۆ به‌رگه‌ ناگرێت و
شانی شل ئه‌بێ ده‌ره‌تان.

ئه‌ی پیاوانی شه‌هوه‌ت و تریاک و ئایین و ئه‌سکه‌ناس
وه‌ی ژنانی موبایل و ماتیک و نامووس و ڕه‌مه‌زان
دۆنادۆنێکی به‌رینه‌ و
من که‌لاوم له‌ تاوان و له‌ خه‌ونووچکه‌ی باپیران
منم له‌ ره‌گه‌زی ئاگر و ئه‌ستێره‌ و دارستان
له‌م ده‌مه‌شدا
که‌ هه‌ر وه‌کوو کتێب ته‌نیام
رۆناچمه‌ نشێوی ژیان
به‌م شێعره‌دا ئه‌نووسێم و
له‌ ئێستگه‌کانی ئه‌م شێعره‌وه‌
کوێره‌وه‌ریت باش ئه‌ی مرۆڤ؛
له‌و شه‌وه‌ بێ هه‌ساره‌وه‌
گه‌ڵا و دره‌خت
به‌رد و بنار
تۆ و ئازادی
لێک نامۆن و
زه‌ویش پڕه‌ له‌ سترانی
لێڵ و ناڕوونی دابڕان.


شێعری عه‌لی حسه‌ینی

behnam5555 10-01-2014 01:42 PM


غه‌زه‌لی نوێ-عه‌لی حسه‌ینی

ده‌سپێکی وشه‌
مه‌ودا بده‌ به‌م تاسه‌مه‌ با هه‌ڵبزنێ پێت
من ده‌فته‌ری سینه‌م هه‌یه‌ بۆ ڕاخه‌ری به‌ر پێت

هه‌رده‌م له‌ چه‌مه‌ر سووربه‌،سوور باوی به‌سه‌رچوو
هه‌ر چرکه‌ ئه‌من سوورم و سووریش به‌ سه‌ر دێت

ده‌سپێکی وشه‌م دێته‌وه‌ بارین له‌ ڕێتا
له‌م جه‌نگه‌یی بێ عارییه‌ با دڵ نه‌وه‌رێ لێت

لێوڕێژی ته‌مم ئه‌ز،هه‌مه‌ هاڵاوی هه‌ناسه‌م
لێڵاوی زه‌مه‌ن چۆن بڕه‌وێ،که‌نگێ به‌سه‌ربێت؟!

تاوم که‌ ئه‌ده‌ی تۆ له‌ ده‌قی شینی غه‌زه‌لدا
کاولگه‌یی ئه‌م سینه‌مه‌ وه‌ک تاڤگه‌ ئه‌ڕژێت

نایێ له‌گه‌ڵم،دێڕ به‌له‌ز و تاوێ ئه‌پاترێ
گه‌ر پاسه‌ نه‌بۆ پڕکه‌روو باژێڕ له‌ وشه‌ی شێت

behnam5555 10-01-2014 01:44 PM


شێعری شاخه‌وان ڕه‌سووڵ- هه‌ولێر

هاوارێک و هه‌وراز


له‌ مێلاقه‌یی‌ترین ساته‌وه‌
شۆڕشۆڕ به‌ کاڵیتا نوقمم که‌و
کاڵ کاڵ به‌ ئێواره‌دا
شۆ
ڕم
که‌وه‌
له‌ مێخه‌کبه‌نم‌ده‌
به‌رۆکاویم تا کوڵه‌نجه‌که‌ت
که‌ی زه‌رده‌په‌ڕم هه‌ڵده‌خه‌ی له‌ بێ‌تاقه‌تیه‌کانت
له‌ شه‌واره‌ییم‌دا خنکانێک و
جۆگه‌له‌یێک و ده‌زوو ده‌زوو تا ڕووبارێـــــــــــک،
تاڤگه‌یه‌ک و
له‌ به‌ردانێک‌
ش ڵ ه‌ ژ ا ن
ئه‌ڵێن ئێمه‌ هه‌ر ده‌م‌به‌یان به‌ سه‌ربه‌ستی‌دا هه‌ڵئه‌زنێین
له‌ خنکان‌دا
تا دوایین پرخه‌ی په‌تێ
سێداره‌مانه‌و
په‌تی ئه‌کا خولیاکانی کانی‌ترین ڕووناکی
تا ئه‌و ڕۆژه‌ی
له‌ هه‌ورازت‌دا هاوارم ئه‌که‌ی
له‌ هه‌موو ئازادییه‌کان هانامه‌ بۆت.

behnam5555 10-01-2014 01:45 PM


شێعری فه‌رزاد سابتی پوور-دیوانده‌ره‌

فرمێسکه‌ نه‌مره‌کان
لاوێچێ ئه سريني ده م سارد و دڵ شكاو
دڵه نه رم و نيانه كه ي خۆيان گوشا و

چي خۆشه ويستي و ئه وین یان
له دڵ دا بوو
وه ك په پووله يه ك به تاسه
به ره و ئاسمان دا هه ڵفري
به ده م گريان و هه ناسه !
دوايي هه موو دڵۆپه كان
هێدي هێدي ؛ دڵپاك دڵپاك
كه وتنه نێو داوێني خاك !
***
كاتێ گه يیشت وه رزي به هار !
چه‌ن دڵۆپ ئه شكي نه مر و
ده م به كه نين و ئه ويندار
هه ڵ قوڵان و هه ڵ قوڵان تا !
فرمێسك فرمێسك
به هێمني و دڵۆڤانی
له نێو دڵي ئه م خاكه دا
بوون به كاني !!!

behnam5555 10-01-2014 01:46 PM


غه‌زه‌لی نوێ،ئازاد سه‌ید ئیبراهیمی-سه‌قز

خۆ لاده‌ گه‌لێ لازمه‌ لاچیت دڵی من
هه‌ڵنایه‌ ده‌می ، تۆ به‌ ته‌ما چیت دڵی من؟

جارێ نیه‌ سه‌ردانی هه‌واری هونه‌رت کا
چه‌ندی له‌ چه‌م و په‌رچه‌می واچیت دڵی من

له‌و لێوه‌ که‌ هه‌ڵناوه‌رێ یه‌ک لاپه‌ڕه‌ قاقا
هێما له‌ خه‌ما ماتڵی ماچیت دڵی من

به‌و زامه‌ بسازه که‌ ‌له‌ زه‌بری زه‌مه‌نێ زا و
دووره‌ ئه‌گه‌ دوکتۆر و ده‌واچیت دڵی من

ده‌ورانی نیه‌ لاوک و بالۆره‌که‌ت ئیتر
په‌شمه‌ که‌ ئه‌چێ باوی نه‌ما چیت دڵی من

له‌و ڕۆژه‌وه‌ ژیوارۆ له‌ ژاراوێ ڕژاوه‌
بۆ ئه‌شقه‌ که‌ فه‌رمانبه‌ر و چاچیت دڵی من

ترسم هه‌یه‌ هه‌ر ده‌رکی ئه‌وینی بکوتی تا
کاتێ چه‌مه‌ڕای هه‌ڵمه‌تی پاچیت دڵی من


اکنون ساعت 06:57 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)